ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لەسەر ۵۷ قوربانی تەقینەوەی مین لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۴ لە ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی مین

هەنگاو؛ هەینی ۱۵ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵
ڕۆژی ٤ی ئەپریل، لە لایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی زانیاری ڕاگەیاندن لەسەر مەترسییەکانی ئەو ناوچانەی کە مین و تەقەمەنیی پووچەڵنەکراوەی شەڕی لێ بەجێ ماوە، «ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی مین» نێو نراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەو مەبەستە ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر قوربانییانی مین لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ ئامادە کردووە کە نیشان دەدات لانی کەم ٥۷ هاووڵاتی لەو ماوەیەدا لە ئێران بوونەتە قوربانی تەقینەوەی مین.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ١۹ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییە پووچەڵنەکراوە بەجێماوەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران کوژراون و ٣۸ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان لەدەست داوە.
تەقینەوەی مینە بەجێماوەکان لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان وڵاتانی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە چێندراون، بەردەوام لە ئێران قوربانی لێ دەکەوێتەوە. لانی کەم ۱۶٪ی قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردوو منداڵان و ۴۰٪ لە هاووڵاتییانی کورد بوون. قوربانییانی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی سیستان و بەلووچستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە و ۳۰٪ی قوربانییانی ساڵی ۲۰۲۴ هاووڵاتییانی خەڵکی ئەفغانستان بوون.
هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابروودا لانی کەم ۵ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ و ۴ ژن قوربانیی تەقینەوەی مین بوون. لە نێوان ئەو کەسانەدا ۳ منداڵ و یەک ژنی بەلووچ، ۲ منداڵ و یەک ژنی عەرەب و ۲ ژنی کورد قوربانی بوون.
جیاکردنەوەی قوربانییانی تەقینەوەی مین بەپێی پارێزگاکان
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاترین قوربانییانی مین بە ۲۴ حاڵەتەوە لە سنوورەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان تۆمار کراون. ٤ ئەندامی سوپای پاسداران و ۱۲ هاووڵاتیی ئەفغانستانی لەو پارێزگایەدا قوربانیی تەقینەوەی مین بوون. هەروەها لە پارێزگای کرماشان ١۱ قوربانیی تەقینەوەی مین تۆمار کراون.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۲۴ حاڵەت بریتی لە (۱۱ کوژراو و ۱۳ بریندار)
پارێزگای ئیلام: ۸ حاڵەت بریتی لە (۲ کوژراو و ۶ بریندار)
پارێزگای کرماشان: ١١ حاڵەت بریتی لە (٣ کوژراو و ٨ بریندار)
پارێزگای سنە: ۳ حاڵەت بریتی لە (۱ کوژراو و ۲ بریندار)
پارێزگای خووزستان: ۵ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو و ۴ بریندار)
پارێزگای ئورمیە: ۶ حاڵەت بریتی لە (۱ کوژراو و ۵ بریندار)
جیاکردنەوەی قوربانییانی مین بەپێی چینی کۆمەڵایەتی
زیاترین قوربانییانی مین لە ماوەی ساڵی ڕابردوو پەنابەرانی ئەفغانستانی بوون کە ١۴ حاڵەت لە قوربانیبوونیان تۆمار کراوە، هەروەها لانی کەم ١۲ هاووڵاتیی مەدەنی و ۱۰ سووتەمەنیبەر قوربانیی تەقینەوەی مین بوون.
پەنابەران: ۱۴ حاڵەت بریتی لە (۶ کوژراو و ۸ بریندار)
هاووڵاتییانی مەدەنی: ١۲ حاڵەت بریتی لە (۳ کوژراو و ۹ بریندار)
سووتەمەنیبەر: ۱۰ حاڵەت بریتی لە (۴ کوژراو و ۶ بریندار)
کرێکاران: ۷ حاڵەت بریتی لە (۴ کوژراو و ۳ بریندار)
نیزامی: ۶ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو و ۵ بریندار)
کۆڵبەران: ۵ حاڵەت بریتی لە (۵ بریندار)
ئاژەڵداران: ۲ حاڵەت بریتی لە (۱ کوژراو و ۱ بریندار)
جووتیاران: ۱ حاڵەت بریتی لە (۱ بریندار)
جیاکردنەوەی قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۴ بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا زیاترین قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ئاستی ئێراندا لە هاووڵاتییانی کورد بوون کە ۲۳ حاڵەت واتا ۴۰٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۷ هاووڵاتیی ئەفغانستانی (۳۰٪) و ۸ هاووڵاتیی بەلووچ قوربانیی تەقینەوەی مین بوون.
هاووڵاتییانی کورد: ۲۳ حاڵەت بریتی لە (۶ کوژراو و ۱۷ بریندار)
هاووڵاتییانی بەلووچ: ۸ حاڵەت بریتی لە (۲ کوژراو و ۶ بریندار)
هاووڵاتییانی عەرەب: ۵ حاڵەت بریتی لە (۱ کوژراو و ۴ بریندار)
نادیار: ۴ حاڵەت بریتی لە (۱ کوژراو و ۳ بریندار)
هاووڵاتییانی خەڵکی ئەفغانستان: ۱۷ حاڵەت بریتی لە (۹ کوژراو و ۸ بریندار)
کوژران و برینداربوونی لانی کەم ۲۳ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۴ی زایینی
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۴دا لانی کەم ۲۳ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە قوربانیی تەقینەوەی مین بوون کە ۶ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ۱۷ کەسیان بریندار بوون یان ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە. ئەو ئامارە ۴۰٪ی کۆی حاڵەتەکانی تەقینەوەی مین لە ئێران لەخۆ دەگرێت.
دوو کەس لەو هاووڵاتییە کوردانەی ساڵی ڕابردوو قوربانیی تەقینەوەی مین بوون ژنن و یەکیان گیانیان لەدەست داوە.
جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی کوردی قوربانی تەقینەوەی مین بەپێی پارێزگاکان
پارێزگای کرماشان: ۱۱ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ۶ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ۳ حاڵەت
پارێزگای سنە: ۳ حاڵەت
کوژران و برینداربوونی لانی کەم ۱۷ هاووڵاتیی ئەفغانستانی قوربانیی تەقینەوەی مین لە ئێران
لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۴ی زایینیدا لانی کەم ۱۷ هاووڵاتیی ئەفغانستانی واتا ۳۰٪ی کۆی حاڵەتەکانی ئەو ساڵە، لە سنوورەکانی ئێران قوربانیی تەقینەوەی مین بوون.
لە نێوان ئەو ۱۷ حاڵەتەدا ۹ کەس گیانیان لەدەست داوە و ۸ کەس بریندار بوون یان ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە.
لەو ساڵەدا ۱۴ پەنابەری ئەفغانستانی بریتی لە ۶ کوژراو و سێ سووتەمەنیبەر کە هەرسێکیان گیانیان لەدەست داوە، قوربانیی تەقینەوەی مین بوون.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، بێجگە لەو مینانەی کە لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بەجێ ماون، دەرکەوتووە کە حکومەتی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان و بەلووچستانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، مینی نوێی لەو سنوورانەدا چاندووە. ژمارەی ڕوو لە زیاتربوونی قوربانییانی مین لە پارێزگاکانی سنە و ئورمیە و سیستان و بەلووچستان یەک لە بەرهەمەکانی ئەو سیاسەتە ئەمنییەیە.