جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۱۲۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢۵
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۲۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤ لانی کەم ۴۵ حاڵەت واتا ۵۹٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئەپریلی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۷۷ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۲۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە ناسنامەی ۱۱۸ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۴ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
لەو مانگەدا، لانی کەم ۵ چالاکی ئایینی بەناوەکانی عەبدولڕەحمان گۆرگیچ، عەبدولحەکیم عەزیم گۆرگیچ، تاج محەممەد خورماڵی خەڵکی ئاق قەڵا، فەرهاد شاکیری خەڵکی گونبەد کاووس، مالیک عەلی فەدایی و ۳ بەندکراوی سیاسی بەناوەکانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو خەڵکی چالدێران، ڕۆستەم زەینەددینی خەڵکی لاشار و موحسین لەنگەرنشین خەڵکی نۆشەهر لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۴ ژن لە بەندیخانەکانی مەشهەد و ئیسفەهان (هەر یەک ۲ حاڵەت) جێبەجێ کراوە کە سێ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و یەک کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لە ماوەی مانگی ئەپریلدا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تۆمار نەکراوە.
شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۱۲۲ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئەپریلدا لەسێدارە دراون، تەنیا ۳ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۷ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ئەپریلدا لانی کەم سزای سێدارەی ۳۲ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۲۶٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنێت. هەروەها ١۵ بەندکراوی لوڕ، ۱۴ بەندکراوی کورد و ۱۱ بەندکراوی تورک لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی بەلووچ: ۳۲ حاڵەت
بەندکراوانی فارس: ۲۳ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ١۵ حاڵەت
بەندکراوانی کورد: ۱۴ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ۱۱ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک و مازەنی: ۵ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ۳ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ۳ حاڵەت
بەندکراوانی ئەفغان: ۶ حاڵەت
نادیار: ۱۰ حاڵەت
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی ئەپریلدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ۵۸ حاڵەت واتا ۴۷.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۵۸ حاڵەت
تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۴۷ حاڵەت
چالاکانی مەزهەبی: ۵ حاڵەت
چالاکانی سیاسی: ۳ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ۱ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی بە پیاو: ۱ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ۱ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۲۱ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۲۳ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش خوراسانی ڕەزەوی زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز بە ۲۰ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۱ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ۲۰ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۱۳ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ۸ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ۶ حاڵەت
پارێزگاکانی قوم، فارس و ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات: هەر یەک ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی لوڕستان و مەرکەزی: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان، هۆرمۆزگان، هەمەدان، یەزد، گوڵستان و قەزوین: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد، کرمان، زەنجان، سمنان، بووشێهر و ئورمیە: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ۱ حاڵەت