جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۱۶۳ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢۵
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۶۳ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی مەی ٢٠٢٤ لانی کەم ۹۶ حاڵەت واتا ۱۴۳٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی مەی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۶۷ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۶۳ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۱۵۷ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم یەک بەندکراوی سیاسی بەناوی پێدرام مەدەنی خەڵکی تاران کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۵ ژن لە بەندیخانەکانی قەزوین، دامغان، گورگان، شیراز و قزڵحیسار (هەر یەک ۱ حاڵەت) جێبەجێ کراوە کە سێ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و دوو کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لە ماوەی مانگی مەیدا جێبەجێکرانی سزای سێدارەی یەک منداڵی تاوانبار بەناوی محەممەدڕەزا سەبزی تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی مەلایێر لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە. ناوبراو لە تەمەنی ۱۶ ساڵاندا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۱۶۳ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی مەی لەسێدارە دراون، تەنیا ۶ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۴ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی مەی لانی کەم سزای سێدارەی ۲۶ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۶٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۲۱ بەندکراوی لوڕ، ۲۰ بەندکراوی بەلووچ و ۱۸ بەندکراوی تورک لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی فارس: ۴۸ حاڵەت
بەندکراوانی کورد: ۲۶ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۲۱ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۲۰ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ۱۸ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ۶ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ۲ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک: ۲ حاڵەت
بەندکراوانی سیستانی: ۲ حاڵەت
بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۷ حاڵەت
ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۱۱ حاڵەت
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی مەیدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بووە کە ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
چالاکی سیاسی: ۱ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ۸۰ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۷۶ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ۶ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ۲ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۲۷ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۲۷ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش پارێزگای ئەلبۆرز زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس بە ۱۴ حاڵەتەوە تۆمار کراون.
پارێزگای ئەلبۆرز: ۲۷ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۱۴ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باشوور: ۱۱ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۱۰ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ۹ حاڵەت
پارێزگاکانی لوڕستان، قوم و خووزستان: هەر یەک ۸ حاڵەت
پارێزگای یەزد: ۷ حاڵەت
پارێزگاکانی قەزوین و زەنجان: هەر یەک ۶ حاڵەت
پارێزگاکانی مەرکەزی، کرمان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان، کرماشان و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام، هۆرمۆزگان، گوڵستان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد و سمنان: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان و ئورمیە: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە، تاران و بووشێر: هەر یەک ۱ حاڵەت