بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ ئامرازی کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوەی تاوانەکانی/ لیستی ناوی بێسەروشوێنکراوانی ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

۹ی خەرمانان (۳۰ی ئاگۆست) ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی مێژوویی/ ئاماری بەو بۆنەیەوە ئامادە کردووە.
پێناسەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ
قوربانییانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کەسانێکن کە لەناکاو و بەبێ هیچ ڕەوتێکی دادوەری دەڕفێندرێن و دواتر هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نامێنێ. ئەو کردەوە زیاتر لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکان و یان بە پاڵپشتیی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێت و لە هەندێک حاڵەتیشدا گرووپە چەکدارە ناحکومییەکان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرن.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تاوانێکی گەورە و نیشانەیەکی ئاشکرا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. ئەو کەسانەی بێسەروشوێن دەکرێن لە دۆخێکی بە تەواوەتی بێبەری لە پاڵپشتییە یاساییەکان دادەندرێن و لەگەڵ مەترسیی جددیی ئەشکەنجە، توندوتیژیی ڕەگەزی، لەسێدارەدرانی سەرەڕۆیانە و حاڵەتەکانی دیکەی پێشێلکرانی مافە مرۆڤییەکان ڕووبەڕوو دەبنەوە.
زۆربەی قوربانییان هیچکات ئازاد ناکرێن و بنەماڵەکانیان تا چەندین ساڵ لە بێ هەواڵی لە ئازیزانیان دەمێننەوە. تەنانەت لە هەندێک حاڵەت لە ئازادکردنی قوربانییاندا، ئاسەواری ڕووحی و جەستەیی ئەشکەنجەی سەردەمی بێسەروشوێنبوونیان تا ماوەیەکی درێژ لەگەڵ دەمێنێتەوە.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ چەندین شێوازی جیاوازی هەیە، بریتی لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی قوربانییان بەشێوەیەک کە هیچ کات زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دەست نەکەوێت. بێسەروشوێنکردنی شوێنی ڕاگرتنیان لە ماوەی بەندکران و بێسەروشوێنکردنی تەرمی قوربانیان پاش کوشتنی حکومی یان سیاسییان لە لایەن گرووپە سەربازییەکانەوە. هەروەها ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی گیانبەختکردووان و ئاشکرانەکردنی شوێنی ناشتنیان لە دەستەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا دادەندرێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای حکومەتی خۆیەوە لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی دژبەرانی و ئەو گرووپانەی بەرانبەری سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەوەستن وەکوو ئامرازێک بە مەبەستی سەرکوتکردنی سەرەڕۆیانە کەڵکی وەرگرتووە. هەندێک لە حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەم ڕاپۆرتەدا باس کراون:
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە کوردستان
لە سەرەتای شۆڕشی ۱۹۷۹ی زایینیی ئێران و فەرمانی خومەینی لە ۲۷ و ۲۸ی گەلاوێژی ۲۶۷۹ لە پەیوەندی لەگەڵ فەرمانی جیهاد دژ بە کوردستان، هەزاران مرۆڤی کورد لە لایەن ئەرتەش، سوپا و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژران. بەڵگە مێژووییەکان نیشاندەری گۆڕی بە کۆمەڵ لە شارەکانی سنە، قوروە، ئیلام و ئورمیەن کە شایەتێک لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ڕێکخراوانە لە کوردستانن.
لە پەیوەندی لەگەڵ بەندکراوانی سیاسیی کورد کە لە سەرەتای شۆڕشی ۱۹۷۹ی ئێرانەوە، زۆربەیان لە دادگای سەحرایی و بەبێ هیچ دادگاییکردنێک تیرباران کران یان لەسێدارە دران، ڕەوتی دەستبەسەرکردنیان لە سەرەتاوە تا کاتی ناشتنیان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بە ئەژمار دێت. بۆ نموونە بەڵگە مێژووییەکان دەیسەلمێنن کە لە گۆڕی بە کۆمەڵی قوروە لە بیابانەکانی دەوروبەری شاری قوروە، ڕێک لە شوێنێک کە بەهاییەکان دەنێژران، ئەندامانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەش بەخاک سپێردراون. لەو بابەتەدا لە مانگی پووشپەڕی ۲۷۱۶ کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی بەجێهێنانی تەواوی ڕەوتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە تەرمی لانی کەم بیست شۆڕشگێڕی کوردی لەخۆ گرتبوو بە خاکماڵ بە تەواوی خاپور و وێران کرد.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەوتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بەندکراوانی سیاسیی کوردی تا ئێستا درێژە پێداوە و هەرگیز ڕاینەگرتووە و تەنانەت کەمی نەکردۆتەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەندکراوانی سیاسیی کورد لە شێوەی ڕفاندن و دەستبەسەرکرانیان، شێوازی ڕاگرتنیان لە بەندیخانەکاندا، بە بارمتەگرتنیان بەبێ ڕاگەیاندنی هیچ زانیارییەک و لە ئاکامدا ڕەوتی کوشتار و لەسێدارەدرانیان بەهۆی ڕادەستنەکردنەوەی تەرمەکانیان و شاردنەوەی شوێنی ناشتنیان لە بنەماڵەکانیان لە دەستەی کەسانێک کە بێسەروشوێن کراون دادەندرێن.
بێجگە لە کوردستان کە کۆمەڵگاکەی بەگشتی بەهۆی بەرخۆدانی مەدەنی و سیاسی بەشێوەی ڕێکخراوانە و بەرچاو قوربانیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبن، کۆماری ئیسلامی بەگشتی لە چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان، عەرەبەکان، بەلووچ، تورکمان و هتد بە سەختیی جیاواز لە یەکترەوە لەو ڕێگایە بە مەبەستی چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەیان لە بابەتی سیاسیدا کەڵکی وەرگرتووە.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بەهاییان پاش شۆڕشی ۱۹۷۹
لە ڕۆژی پێنجشەممە ۳۰ی گەلاوێژی ۲۶۸۰ (۲۱ی ئاگۆستی ۱۹۸۰)، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر بینایەک لە شەقامی نەوتی تاران و یازدە کەس لە ڕێبەرانی کۆمەڵگای بەهاییەکانیان دەستبەسەر کرد. لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی بڕواپێکراو لەسەر چارەنووسی ئەو یازدە کەسە لەبەر دەستدا نەبووە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هیچکات بەرپرسیارێتییەکەیان نەگرتۆتە ئەستۆ.
بە پێی ڕاپۆرتە جیاوازەکان لە کۆمەڵگای بەهاییان ئەوە بەشێک لە ڕەوتی سەرکوتی ڕێکخراوانە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کۆمەڵگای بەهاییان لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕش بوو؛ ڕەوتێک کە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتن بەسەر ماڵی بەهاییان، داخستنی شوێنە مەزهەبییەکان، دەستبەسەرکرانی بەکۆمەڵ، لەسێدارەدان و لەئاکامدا هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ڕێکخراوە فەرمانگەییەکانیان کە لە مانگی گەلاوێژی ۲۶۸۳ ڕووی دا. تەنیا یەک ساڵ و نیو دوای بێسەروشوێنکردنی کۆبوونەوەی یەکەم، هەشت ئەندامی کۆڕی دووەم لە مانگی بەفرانباری ۲۶۸۱ لەسێدارە دران.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بەندکراوانی سیاسیی چەپ و موجاهید لە هاوینی ۲۶۸۸
لە مەودای گەلاوێژ تا خەرمانانی ۲۶۸۸، کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لە بەربڵاوترین و ڕێکخراوانەترین تاوانەکانی خۆی دژ بە بەندکراوانی سیاسی (زۆربەیان لە بەندکراوانی موجاهید و چەپ) ئەنجام دا. هەزاران بەندکراوی دژبەر و ناهاوبیری کۆماری ئیسلامی، کە زۆربەیان پێشتر دادگایی و مەحکووم کرابوون، بەشێوەی سەروویاسایی لەسێدارە دران و بێسەروشوێن کران. تەرمی ئەو قوربانییانە بە بێدەنگی و نهێنی لە گۆڕی بە کۆمەڵی بێناو و نیشاندا نێژرا و تا ئێستاش نە تەنیا لە بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە بەڵکوو بەشێوەی ڕێکخراوانە خاپور و وێران دەکرێن، بەناوبانگترینیان گۆڕستانی خاوەران بووە کە ئێستاش لە لایەن حکومەتەوە تێکدەدرێت.
سەرەڕای بەڵگە لەسەر بەشداریی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو کوشتارەدا، تا ئێستاش هیچ کاربەدەستێکی ئێستا یان پێشووی ئێران سەبارەت بەو تاوانە درێژەدارە بەرپرسیار نەکراوەتەوە. بە پێچەوانەوە هەندێک لەو کەسانەی ڕۆڵێکی بەرچاویان لەو تاوانە هەبووە، لە سەرترین پله حکومەتییەکان وەکوو وەزارەتی دادگوستەری، سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەری و تەنانەت سەرۆک کۆماریدا داندراون.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ناهاوبیرانی جیاواز لە بواری نەتەوە، پێکهاتە، مەزهەبی و سیاسی
بێجگە لە سەرکوتی ڕێکخراوانەی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە ئێران، کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی کوشتنە زنجیرەییەکان و بێسەروشوێنکردنی دژبەرانی بە بیروڕای سیاسیی جیاوازەوە بەردەوام ڕفاندن، شاردنەوەی شوێنی ڕفاندن، کوشتن و شاردنەوەی ڕەوتی کوشتنی ڕێکخراو بریتی لە کوشتنی زنجیرەیی ڕووناکبیرانی لە دەیە جیاوازەکاندا بە ناڕوونی هێشتۆتەوە. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا کە بە پێی گوشارە سیاسییەکان، کۆماری ئیسلامی ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم یان ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیانی داوە، لانی کەم بەشێک لە ڕەوتی ڕفاندن و کوشتنی قوربانییان لەو حاڵەتانەشدا لە دەستەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دادەندرێت.
لێکدانەوەی هەنگاو
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە پێی بەڵگە و ڕاپۆرتەکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بریتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە کە سیاسەتی ڕێکخراوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا نیشانەیەکی ڕوون لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.
بە پێی ماددەی ۲ی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتیی پاڵپشتی لە هەمووان بەرانبەر بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەو تاوانە بە دەستبەسەرکران یان ڕفاندن لە لایەن بەرپرسە دەوڵەتییەکان یان کەسانێک کە بە ڕەزایەت و پاڵپشتیی دەوڵەتەوە کار دەکەن، لەگەڵ خۆبواردن لە ڕاگەیاندنی زانیاری لەسەر چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی قوربانییەکان دەکوترێت. بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ گەر بە شێوەی بەرفراوان و ڕێکخراوانە دژ بە کۆمەڵگای سڤیل ئەنجام بدرێت، بە پێی ماددەی ۷ی یاسای بنەڕەتیی ڕۆمی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بە ئەژمار دێت.
لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەزاران بەندکراوی سیاسی بەتایبەتی لە کوشتاری بەکۆمەڵی دەیەی شەستی هەتاوی و بەتایبەت لە ساڵی ۲۶۸۸، بەشێوەی سەروویاسایی لەسێدارە دران و بێسەروشوێن کران. شوێنی ناشتنی زۆربەیان تا ئێستاش بە نهێنی ماوەتەوە و گۆڕە بە کۆمەڵەکانیشیان وێران کراون. بنەماڵە و کەسوکاریان نە تەنیا لە ڕاستی و دادپەروەری بێبەش بوون بەڵکوو لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەژێر هەڕەشە، ئازار و بەدواداچووندا داندراون.
بە پێی بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتی فەرمیی ناوەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ڕەوتە نە هەڵەیەک لە هەندێک حاڵەتدا، بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سڕینەوەی دژبەران و سەرکوتی کۆمەڵگای سیاسی و مەدەنییە. بەو هۆیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە ئێران بە ڕوونی تاوانێکی ڕێکخراوانە و بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەزانێت و لەسەر پێویستیی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان و کەسوکارانیان پێداگری دەکات.
شایەنی باسە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە کاتی دامەزراندنییەوە لەگەڵ هەڕەشەی ئەمنیی بەردەوام، وەکوو هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی نایاسایی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ ڕووبەڕوو بووە. بە پێی بەڵگەکان هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی حوسێن باقری ناسراو بە ژاکان باران لە ئەندامانی خۆی دەزانێت و چەندین جار داوای لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە سەبارەت بەو بابەتە کردەوەیەکی دەستبەجێ و کارایان هەبێت.
لەو لیستەدا ناسنامەی کەسانێک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و یان لەسێدارە دراون و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووس یان شوێنی ناشتنیان و تەنانەت شێوازی ڕاگەیشتنی دادوەری بە دۆسیەکانیان لەبەر دەستدا نییە، هاتووە. ئەو لیستە نێوی کەسانێک لەخۆ دەگرێت کە پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر و لەسێدارە دراون.
دەستبەسەرکراوان
۱ـ عوسمان مامه هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ۳ ساڵ هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو بارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
٢ـ ئەنوەر ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ۲۷۲۴ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیکیی ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ۱۵ مانگ هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بێسەروشوێنکردن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران
۱ـ حوسێن باقری ناسراو به "ژاکان باران" شاعیری خەڵکی مەلەکشاهی ئیلام و لە ئەندامانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە بەهۆی چالاکییەکانی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە چەندین جار هەڕەشەی لێکرابوو و تەنانەت لە دەنگ و ڕەنگی فەرمیی ئێران بەشێوەی فەرمی ئاماژە و هەڕەشەی دەستبەسەرکران و کوشتنی لێ کرابوو، لە نزیکەی ۱۸ مانگ پێشترەوە بێسەروشوێن کراوە. ناوبراو کە دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوو بەهاری ساڵی ڕابردوو لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ تورکیا بێسەروشوێن کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و هەنگاو قاچاخچییانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بە بەرپرسی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ناوبراو ڕاگەیاندووە.
بەندکراوانی سیاسیی لەسێدارەدراو کە تەرمەکانیان ڕادەست نەکراوەتەوە و بێسەروشوێن کراون
۱ـ نەسیم نەمازی، بەندکراوی سیاسیی ژن و هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ئورمیه که لە ڕێکەوتی ۲۸ی دیسەمبەری ۲۰۲۳ به تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۲ـ ئارام هەناره هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیه که ئێوارەی ۲۷ی دیسەمبەری ۲۰۲۳ به تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۳ـ ئارام عومەری بەردیانی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیه که ئێوارەی ۲۷ی دیسەمبەری ۲۰۲۳ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۴ـ ڕەحمان پرحازۆ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیه که ئێوارەی ۲۷ی دیسەمبەری ۲۰۲۳ به تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۵ـ پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی کامێران که به تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٦_ موحسین مەزڵووم، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد که بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۷ـ وەفا ئازەربار، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی بۆکان که به تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۸ـ محەممەد فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی دێولان که به تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۹ـ حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی چاڵدێران که به تۆمەتی"هاوکاری و ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان" لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۱۰ـ موحسین لەنگەرنشین، بەندکراوی گیلەک و خەڵکی نۆشەهر که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۳۰ی ئەپریلی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۱۱ـ پێدرام مەدەنی، هاووڵاتیی فارس و خەڵکی تاران که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۸ی مەی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۱۲ـ ئیسماعیل فکری هاووڵاتیی فارس و خەڵکی تاران که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۱۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۱۳ـ مەجید موسەیبی، هاووڵاتیی فارس و خەڵکی ئیسفەهان که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ٢٢ی ژۆئەنی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.
١٤_ محەممەدئەمین مەهدەوی شایسته، هاووڵاتیی فارس و خەڵکی تاران که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۳ی ژۆئەنی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۱۵ـ ئیدریس ئالی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سەردەشت که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۴ی ژۆئەنی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۱۶ـ ئازاد شوجاعی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سەردەشت که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۴ی ژۆئەنی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۱۷ـ ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ۲۴ی ژۆئەنی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۱۸ـ مەهدی ئەسغەرزاده، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی جوانڕۆ کە لە ڕێکەوتی ٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ بە تۆمەتی ''ئەندامێتی لە داعش'' لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
١٩_ رووزبێه وادی، بەندکراوی سیاسی و هاووڵاتیی فارسی خەڵکی تاران که به تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە ڕێکەوتی ٦ی ئاگۆستی ۲۰۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.