ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان؛ بەشداریی بەرفراوان و گشتگیر لە ٣٩ شاردا

١٨ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٨:٥٤

هەنگاو، پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥

بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان بە بەشداریی بەرفراوان و گشتگیری ٣٩ شار بە سەرکەوتنێکی بەرچاو کۆتایی هات. هەروەها، چەندین زیندانیی سیاسی هاوکات، بە مانگرتن لە خواردن پشتیوانیان لە بانگەوازەکە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، شارەکانی سەرپێڵ زەهاو، ڕوانسەر، کرماشان، پاوە، شاباد ، قەسری شیرین، کۆزەران ،گیەڵان، سەلاسی باوەجانی، سەحنە، سونقوڕ و کولیایی، کرەند، و جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان بەشدارییان لە مانگرتنی گشتیی کوردستاندا کرد.

لە هەمان ڕۆژدا شارەکانی سنە، دیواندەرە، سەقز، مەریوان، بانە، بیجاڕ، کامیاران، قوروە، دێولان و سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان بە مانگرتن پێشوازییان لە بانگەوازە سەرتاسەرییەکە کرد.

ئورمیە، دزەی مەرگەوەڕ، مهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، تیکاب، ڕەبەت، کۆتۆڵ و خۆی، هەروەها ئیلام، لوومار، ئاودانان، دێهلۆران و دەرەشار، ١٥ شارەکەی دیکە بوون کە بە پشتیوانیکردن لە بانگەوازەکە، دەستیان دایە مانگرتن.

ناوەندە حکومەتییەکان بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، زانیاریی چەواشەکارانە و دروستکردنی بێ‌متمانەیی، ژمارەیەک لە کاسبکاران و چالاکانی مەدەنیی ناسراویان بانگهێشت کرد و لە لاپەڕەکانی ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵای کۆماری ئیسلامی و دروشمە ئایدۆلۆژییە حکومەتییەکانیان بڵاو کردەوە. هەروەها هاوتەریب لەگەڵ ئەم کارانە، بە دروستکردنی هەژماری بەکارهێنەر بە ناوی ئەم کەسانەوە، دەستیان دایە تیرۆری کەسایەتیی ئەوان و بابەتگەلێکی دژی بیروباوەڕی ئەوانیان بڵاو کردەوە.

هاوکات، سروە پوورمحەممەدی، مەحموود سادقی، ڕەفیق سەلیمی، نادر بەهمەنی، یووسف ئەحمەدی، ئیدریس منبەری، محەممەد ڕەحیمی، فەریاد قادری و فەردین مەولوودی، وەرێشە مورادی، زێنەب جەلالیان، سەکینە پەروانە و موتەللیب ئەحمەدیان، زیندانیانی سیاسیی کورد لەگەڵ پەریسا کەمالی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی یەزد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە وەک نیشانەی هاوڕێیەتی دەستیان دایە مانگرتن.

بانگەوازی بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار لەلایەن حەوت حیزبی سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئیلام، کرماشان و لوڕستان و هەروەها پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، بڵاو کرایەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە مەدەنییە ڕاگەیاندبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە