ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

٢١ی فێبریوەری، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، وەبیرهێنەرەوەی مافێکی بنەڕەتییە کە لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا بە فەرمی ناسراوە: مافی هەر تاک و کۆمەڵگایەکی زمانی بۆ پاراستن، پەرەپێدان و گواستنەوەی زمانی دایکی خۆیان، بەبێ ترس لە هەڵاواردن، سەرکوت یان ئاسیمیلاسیۆنی زۆرەملێیە.
مافی زمانی وەکوو مافێکی مرۆڤ
مافی بەهرەمەندی لە زمانی دایکی، بەشێکی جیانەکراوە لە مافی ناسنامە، ئازادیی ڕادەربڕین، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و بەشداریی کولتوورییە. ئەو مافە لە چەندین بەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێداگری لەسەر کراوە:
ماددەی ٢٧ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان: کەمینە زمانییەکان ئەو مافەیان هەیە کە لە زمانی خۆیان کەڵک وەربگرن.
ماددەی ٣٠ی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان: هەر منداڵێک کە لە کەمینەیەکی زمانییە، ئەو مافەی هەیە کە لە زمانەکەی خۆی کەڵک وەربگرێت.
ڕاگەیەندراوی مافەکانی گەلانی ڕەسەنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (ماددەکانی ١٣ و ١٤): پێداگری لەسەر مافی گەلان لە پاراستن، ژیاندنەوە و خوێندن بە زمانەکانی خۆیان.
پێشنیارەکانی یونسکۆ لەسەر جیاوازیی کولتووری و فێرکاری چەندزمانی: پێویستە دەوڵەتەکان بۆ پاڵپشتی لە زمانە دایکییەکان سیاسەتێک بەکار بێنن.
ئەو بەڵگانە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە زمان نە تەنیا ئامرازێک بۆ پەیوەندیگرتن، کە بنەمای ناسنامەی کولتووری، مێژوویی و سیاسیی کۆمەڵگا زمانییەکانە. بێبەشبوون لەو مافە، نە تەنیا پێشێلکرانی مافی تاک، بەڵکوو پێکهێنانی ڕێکخراوانەی هەڵاواردنە و لەنێوبردنی فرەڕەنگیی کۆمەلایەتیی بەدواوەیە.
پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافە زمانییەکان لە ئێران
ئێران یەک لە وڵاتەکانی جیهانە کە دانیشتووانەکەی لە بە چەندین زمانی جیاواز قسە دەکەن و خەڵک بە زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی، بەلووچی، تورکمانی، لوڕی، گیلەکی و هتد قسە دەکەن. بەڵام سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژایەتیی تەواو لەگەڵ بنەماکانی مافەکانی مرۆڤدایە و پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافە زمانییەکان وەکوو بەشێک لە چەوساندنەوەی بەربڵاوی ناسنامەی غەیری فارسەکانی لەپێش گرتووە.
١- بێبەشی لە خوێندن بە زمانی دایکی
ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرچەند بە ئەگەری کەڵکوەرگرتن لە زمانەکانی دیکە بێجگە لە فارسی لە میدیاکان ئاماژە دەکات، بەڵام خوێندنی فەرمی لە قوتابخانە و زانکۆکان تەنیا بە زمانی فارسییە. ئەو بێبەشکرانە هەڵاواردنی ڕێکخراوانە دژ بە ملیۆنان منداڵی غەیری فارسە کە زمانی دایکییان سەرکوت دەکرێت یان لەبەر چاو ناگیردرێت. ئەو سیاسەتە لە دژایەتی لەگەڵ مافی خوێندنی یەکسان و دووری لە هەڵاواردن لە دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان لە خوێندندایە.
٢- چەوساندنەوەی کولتووری و بە سزا ناساندنی چالاکییە زمانییەکانی نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کولتووری کە بەمەبەستی پەرەپێدان بە زمانە دایکییەکان هەوڵیان داوە، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و بە سەختی سەرکوت کراون.
بەربەستەکان لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێب، میدیا سەربەخۆکان و بەرهەمه کولتوورییەکان بە زمانە غەیری فارسییەکان، دەبێتە هۆی سانسۆرکردنی بەربڵاویان.
قەدەغەکردنی نافەرمی لەسەر تۆمارکردنی ناوە غەیری فارسییەکان بۆ منداڵان، شێوەیەک لە ئەندازیاریی ناسنامەی کولتوورییە کە ئامانجی لاوازکردنی زمانەکانە.
٣- مەترسیی لەناوچوونی فرەڕەنگیی زمانی لە ئێران
سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فرەڕەنگیی زمانی لە ئێرانی بەسەختی خستووەتە مەترسییەوە و هەندێک لە زمانە باوەکان لەو وڵاتەی بەرەو لەناوچوون بردووە. نەبوونی پاڵپشتییەکی ناوەندی، کەمبوونەوەی کەڵکوەرگرتن لە بواری گشتی، بەربەستەکان لە بڵاوکردنەوە و سەپاندنی یەک زمانی لە سیستەمی خوێندندا، بووەتە هۆی لاوازبوونی گواستنەوەی نێوان جیلەکانی ئەو زمانانە و لە مەترسیی لەبیرچوونەوە و سڕینەوەیانی داناوە.
بێبەشی زمانی؛ شێوەیەک لە هەڵاواردنی ڕێکخراوانە
بێبەشی لە مافی زمانی دایکی، تەنیا بابەتێکی کولتووری یان فێرکاری نییە، بەڵکوو کەرەستەیەک بۆ سازکردنی دەسەڵات، لاوازکردنی ناسنامە غەیری فارسییەکان و چەسپاندنی هەڵاواردنی ڕێکخراوانە لە ئێرانە. لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتانە بریتین لە:
نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان: ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی خۆیان ناخوێنن، لە داهاتوودا لەگەڵ کێشەی زیاتر لە دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتی پیشەیی و خوێندن ڕووبەڕوو دەبنەوە.
سازکردنی هەستی بێگانەیی و قەیرانی ناسنامەیی: سەپاندنی زمانێک بێجگە لە زمانی دایکی، دەبێتە هۆی کەلێنی نێوان جیلەکان و هەستی سەرشۆڕی لە کۆمەڵگا زمانییەکان.
لاوازکردنی مافی بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی:
سڕینەوەی زمانە غەیری فارسییەکان لە گۆڕەپانی گشتی، دەبێتە هۆی بەربەست سازکردن لە بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەمینە زمانییەکان لە پرۆسەکانی بڕیارداندا.
ئەرکەکانی کۆمەڵگا نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان
سەرکوتی زمانی لە ئێران، نموونەیەک لە کۆمەڵکوژیی کولتووری و پێشێلکرانی ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤە کە دەبێت لە لایەن کۆمەڵگاوە گرینگیی پێ بدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرجەم ناوەندە مافی مرۆڤی، ڕێکخراوە مافی مرۆڤی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و بەرگریکارانی ئازادیی ڕادەربڕین داوا دەکات کە:
١- سیاسەتە زمانییەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو نموونەیەک لە هەڵاواردنی نیژادی، کولتووری و زمانی شەرمەزار بکرێت.
٢- لەسەر بابەتی پێشێلکردنی مافی زمان لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێداگری بکرێت.
٣- لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان بەمەبەستی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایکی لە ئێران پاڵپشتی بکرێت.
٤- گوشار بخرێتە سەر دەوڵەت و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان تا کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاوگرتنی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مافە زمانییەکان ناچار بکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەسەر ئەو بڕوایە لە خەبات بۆ زمان، خەبات بۆ ئازادییە. مافی خوێندن و کەڵکوەرگرتن لە زمانی دایکی، داواکارییەکی لاوەکی یان تەنانەت بابەتێکی کولتووری نییە؛ ئەو مافە بنەمایی و بەشێک لە خەباتە بەرفراوانەکان بۆ ئازادی، دادپەروەری و یەکسانییە. زمان یەک لە گرینگترین ئامرازەکانی بەرخۆدان لە بەرانبەر سەرکوتی ڕێکخراوانەیە، و بەرگری لە زمانی دایکی، بەرگری لە مافی ناسنامە و بایەخی مرۆڤە.
خەبات بۆ مافی زمانی، بەشێکی جیانەکراوە لە خەبات بۆ مافی مرۆڤە. ئێمە لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانەین کە بۆ پاراستن و ژیاندنەوەی زمان و ناسنامەی خۆیان خەبات دەکەن، و بە بەڵگەمەندکردن و ئاشکراکردنی سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی درێژە دەدەین.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو
٢١ی فێبریوەریی ٢٠٢٥