ئامانج نیک پەی حوکمی دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

ئامانج نیک پەی حوکمی دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

18:06 - 29 November 2020

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی مەریوان کە ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای ئەوشاریە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئامانج نیک پەی، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی دوو ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئامانج نیک پەی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دادگایی و ئەو حوکمەی بە سەردا سەپاوە.

ئامانج نیک پەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٥ی ژانویەی ٢٠٢٠)، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەریوان دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای سنە گوازرایەوە. 

ناوبراو دواجار دوای دوومانگ دەستبەسەر کران ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەممە (٩ی مارس) بە دانانی بامرتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا ڕۆژی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا ئازاد کرا.