باری تەندروستیی قادر محەمەدزاده دوای ٣٦ ڕۆژ مانگرتن ناجێگیرە

باری تەندروستیی قادر محەمەدزاده دوای ٣٦ ڕۆژ مانگرتن ناجێگیرە

11:47 - 4 September 2021

 

هەنگاو: باری تەندروستی قادر محەمەدزاده بەندکراوی سیاسی کورد کە ١٦ ساڵە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی بەندکراوە، لە سی و شەشەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەیدا ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزاده، بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە کاتی تێپەڕاندنی شازدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەی خۆیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، ماوەی ٣٦ ڕۆژە  لەو بەندیخانەیە مانی لەخواردن گرتووە و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی یەزد: “ قادر محەمەدزاده بە هۆی مانگرتن لە خواردنی درێژماوەی زەختی خوێن و هەروەها بەشێکی زۆر لە کێشی لەشی دابەزیوە و بۆ ئەنجامدانی زۆربەی کارە تاکەکەسییەکانی هاوبەندییەکانی هاوکاری دەکەن.”

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە قادر محەمەدزاده لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی بۆ بێهداری بەندیخانەی یەزد گوازراوەتەوە. بەڵام هەتا ئێستا ناوبراو لە وەرگرتنی سۆرم خۆی بواردووە و ڕایگەیاندووە کە هەتا داواکارییەکانم جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنەکەم دەدە. بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی بەندیخانەی یەزد ڕایانگەیاندووە کە ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ مافی مرەخەسی قادر محەمەدزاده و چاوەڕوانی وڵامی داواکاری گشتیی مەهاباد دەکەین.

قادر محەمەدزاده بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە بێبەش کرانی لە مافی مرەخەسی و دەستبەسەردا گرتنی بارمتەکەی، لە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢١ی جولای ٢٠٢١) مانی لە خواردن گرت .

هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی یەزد ڕایگەیاندبوو کە ، بەرپرسانی بەندیخانە پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر بارمتەی یەک میلیارد تمەنی دابین بکات دەتوانێ لە مافی مرەخەسی کەڵک وەربگرێت. بەڵام دوو مانگە بنەماڵەکەی ئەو بڕە پارەیان دابین کردووە و نەتەنیا مافی مرەخەسی پێنەدراوە بەڵکوو بڕەپارەکەش بە فەرمانی داواکاری گشتی شاری مەهاباد دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە داواکاری گشتیی مەهاباد وتوویە ناوبراو بە تۆمەتی موحاربە لە بەندیخانەیە و نابێت مافی مرەخەسی پێبدرێت.

دژایەتی داوکاری گشتی مەهاباد لەگەڵ کەڵک وەرگرتنی قادر محەمەدزاده لە مافی مرەخەسی لەکاتێکدایە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە ماوەی ١٦ ساڵە لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٠٥ (١١ی دێسامبری ٢٠٠٥) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لەڕێگای ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا کە ئەو ئەو سزایە لەلایەن دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ (٧ی ئاوریلی ٢٠١٩) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ بەندیخانەی مەهاباد بەڕێکراو و هەر ئەو ڕۆژە بۆ بەندیخانەی یەزد دوور خرایەوە.