بانە/ چوار ئەندامی بنەماڵەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرن لە شاری بانە چوار ئەندامی بنەماڵەیەکیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دەستبەسەر کرد.

٧ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٠:٢٥


هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرن لە شاری بانە چوار ئەندامی بنەماڵەیەکیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دەستبەسەر کرد.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە گەڕەکی حەمزەئاوای شاری بانە لە پارێزگای سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسێک بە ناوی ”ساڵح کەریمی“ و چوار ئەندامی ئەو بنەماڵەیان دەستبەسەر کردووە.


هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بانە ڕایگەیاند لە هێزە ئەمنیەتییەکان ساڵح کەریمی و سێ کوڕی ناوبراویان بە ناوەکانی ”خەلیل کەریمی“، ”محەمەد کەریمی“ و ”بارزان کەریمی“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ ساڵح کەریمی بە هۆی ئەوەی کە تەمەنی زۆر بووە ئازاد کراوە و چارەنووسی سێ کوڕەکەی نادیارە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی هاوکاری کردن و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.


ئەو سەرچاوە وتیشی، هێزە حەمنییەکان بە بێ نیشان دانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان و کاتێک ئەو بنەمڵەیە لەخەودا بوون هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ ساڵح کەریمی و وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەو چوار کەسە ماڵەکەشیان پشکنیوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە