بۆچوونی یاسایی هەنگاو سەبارەت بە تیرۆری یووسف ڕەبانی (ڕێزان جاوید)

بۆچوونی یاسایی هەنگاو سەبارەت بە تیرۆری یووسف ڕەبانی (ڕێزان جاوید)

15:26 - 13 August 2022


هەنگاو: شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە شاری قامیشلۆ شەڕێکی چەکداری چالاک نەبووە و تەنیا هێزەکانی سوپای تورکیا بە بێ هەر چەشنە ڕەواییەکی نێودەوڵەتی لەو ناوچانە کەڵک لە درۆن وەر دەگرن، تیرۆری یووسف ڕەبانی دەچێتە چوارچێوەی کوشتنی بان یاسایی و بێبەشکرانی سەرڕۆیانە لە مافی ژیان لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ کە دەکرێت ئەم دۆسیەیە ببرێتە دادگای ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ.

حکومەتی تورکیا لە بواری یاسایەوە پەیڕەوی کۆنڤانسیۆنی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤە و تیرۆری ئەنجام دراو لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە نە تەنیا پێشێلکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا لە بواری مافی مرۆڤە بەڵکوو پێشێلکردنی بەڵێنە ناوچەییەکانی مافی مرۆڤی ئەو حکومەتە لە چوارچێوەی شوورای ئەورووپادایە. لە بواری یاسایەوە ئەو ئەو دەرفەتە هەیە کە دۆسیەی ئەم تیرۆرۆە ببرێتە دادگای ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ. هەر لەم پەیوەندییەدا، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی ئێرانیش بە هۆی هاوکارییە ئەمنییەکانی لەگەڵ تورکیا دەکرێت بخرێتە ژێر سەرنجەوە.

ڕێزان جاوید ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ لە ئاکامی هێرشێکی سوپای تورکیا کە بە درۆن ئەنجامدر، لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان تیرۆر کرا.