بەندیخانەی نەغەدە، هاشم مورادی بەندکراوی سیاسی کورد لێوەکانی دوورییەوە

بەندیخانەی نەغەدە، هاشم مورادی بەندکراوی سیاسی کورد لێوەکانی دوورییەوە

11:39 - 14 September 2022


هەنگاو: چوارشەممە ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢

هاشم مورادی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی پیرانشار کە ئێستا لە بەندیخانەی نەغەدە سزای پێنج ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپاوە تێپەڕ دەکات، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبەشکرانی لە مافی مرەخەسی لێوەکانی خۆی دووریتەوە و مانی لە خواردن گرت.وە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاشم مورادی لە ماوەی ئەو ٨ مانگەی کە لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراوە لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە و داواکاری ناوبراو بۆ هەبوونی ئەو مافە بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕەد کراوەتەوە.
هاشم مورادی خەڵکی گوندی شیناوێی پیرانشار پاییزی ٢٧٢٠ (٢٠٢٠) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و دوای یەک مانگ بە بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ هاشم مورادی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا هاوڕێ لەگەڵ پێنج کەسی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی خدر قادری ئازەر، محەممەد قادری ئازەر، عەلی بایزید پوور، شەفیع محەممەد نەژاد و ئیسماعیل محەممەد پوور لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەبدوڵڵا ئاقایی بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» هەر کامەیان سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

هاشم مورادی دواجار ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٩ی فێبریوەری ٢٠٢٢) دوای بانگکران بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای نەغەدە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا و لەو کاتەوە لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە.