تۆمارکرانی ١٥تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا

تۆمارکرانی ١٥تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا

13:23 - 21 September 2020

 

هەنگاو: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵی هەتاوی سنوورەکانی کوردستان چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی  قورسی  لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە کوردستانییەکانی بەخۆیەوە بینیوە.
 

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧٢٠ ی کوردی، لانیکەم ١٥ تێکهەڵچوونی چەکداری لە سنوورەکانی کوردستان تۆمار کراوە کە کوژران و بریندار بوونی چەند کەسی لە دوولایەنی شەڕ و هەروەها حەشیمەتی ناسەربازی لێکەوتووەتەوە.


ئاماری جیاکراوە:

لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا ١٣ ئەندامی سپای پاسداران و هەنگی مەرزی کوژراون و ١٨ی دیکەش بریندار بوون. لە کۆی ئەو تێکهەڵچوونانەش پێنج ئەندامی لایەنێکی کوردی گیانیان لە دەست داوە کە ئەو حیزبە هەتا ئێستا بە فەرمی ناوەکانیانی ڕانەگەیاندووە.

 هەروەها ئاکامی چوار تێکهەڵچوونیش بۆ هەنگاو ڕوون نەبووە و زیانی گیانی لایەنەکانی شەڕ نەنزانراوە.

بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەنگاو، لە کۆی ئەو ١٥ تێکهەڵچوونە ٧ جار هێزەکانی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و ٧ جار هێزەکانی نزیک لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەگەڵ هێزەکانی ئێران تێکهەڵچوون و جارێکیش نەزانراوە کە کام لایەن بووە.


هەروەها، زیاترین تێکهەڵچوونەکان لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە ٨ حاڵەت بووە و ٧ حاڵەتیش لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە.

 

تۆپباران و هێرشی ئاسمانی

لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هێزەکانی سپای پاسداران لانیکەم ٩ جار بەرزاییەکانی شارەکانی مەریوان، دیواندەرە، ئورمیە و هەروەها هەرێمی کوردستانیان تۆۆپباران کردووە کە بریندار بوونی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە دیواندەرە لێکەوتووەتەوە.

هەروەها لانیکەم دوو جار پێهپادەکانی سپای پاسداران بنکە و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانیان لە بەرزاییەکانی هەڵگورد کردووەتە ئامانج کە زیانی گیانی نەبووە.


کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتیی مەدەنی

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢١ هاووڵاتیی مەدەنی لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون لە ٩ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٢ کەسیان بریندار بوون.

دوو کەس لەوانەی گیانیان لە دەست داوە لەئەنجامی بوردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا کوژراون و ٤ کەسیشان شوان و مەڕدار بوون کە بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون.