تێڕوانینێکی یاسایی لەسەر دۆسیەی تیرۆری دکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی

تێڕوانینێکی یاسایی لەسەر دۆسیەی تیرۆری دکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی

12:26 - 13 July 2022


بۆ لێکدانەوەی ڕووداوێکی حوقووقی، پێویستە بۆچوونەکان لەسەر بنەمای فاکت و دۆکیۆمێنت ڕاوەستابن. لەسەر تیرۆری دکتۆر قاسملوو، بەپێچەوانەی دۆسیەی میکۆنۆس، تەنانەت لانی کەمی زانیاریی فەرمیش لەسەر هەڵسووڕانی فایلی دادوەریی ڕووداوەکە لە سیستەمی دادوەریی نەمسادا لەبەر دەست نییە. هەر بۆیە ئەم دەقە بۆ لێکدانەوەی ئەو دۆسیە، زیاتر خۆی لە گێڕانەوەکاندا دەبینێتەوە.

لە سێزدەی جولایدا، قاسملوو و قادری ئازەر، بێ ئەوەی پارێزەریان لەگەڵدا بێت و بێ ئەوەی ڕێوشوێنی ئەمنییان لەبەرچاو گرتبێت بۆ لینکە بانگاسەی ژمارە پێنج، شوێنی وتووێژ بەڕێکەوتن. دەستپێکی وتووێژ پێنج و نیوی دوانیوەڕۆ دەبێت. دانیشتن لەو ئەپارتمانەدا دەبێت کە لەلایەن فازڵ ڕەسووڵەوە دابین کرابوو و جگە لە خۆی کەس لەو بابەتە ئاگادار نەکراوەتەوە.

ئامادەبووان ئەم کەسانە دەبن: محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی، مستەفا مستەفەوەی (ئاجوودی)، غەفووری دەرجەزی (ئەمیر مەنسوور بۆزۆرگیان ئەسل)، فازڵ ڕەسووڵ، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و عەبدولڕەحمان قاسملوو.

سەحراڕوودی و موستەفەوی تیمی وتووێژن و بۆزۆرگیان وەکوو بەرپرسی پاراستنیان لە دیوی تەنیشتی دانیشتنەکە دەمێنێتەوە. وتووێژ دەست پێ دەکات و بێ ئەوەی کەس بزانێت لەلایەن قاسملووەوە لەسەر کاسێتێک تۆمار دەکرێت. دانوستان بە ئاکام ناگات و لەلایەن قاسملوو و ڕەسووڵەوە پێشنیار دەکرێت کە لە ڕۆژی چواردەی جولای، کاتژمێر شەشی دوانیوەڕۆ درێژەی پێ بدرێت (لە دەنگی تۆمارکراوی سەر کاسێت وەرگیراوە). تۆزێک پاش ئەم دەنگە دەنگی تەقە لە دوو چەکی جۆری کۆڵت بەرز دەبێتەوە.,

فیشەکە دەرچووەکان تەوێڵ، بناگوێ و قوڕگی قاسملوو دەپێکن و سێ جار بەر سەر و دوو جار بەر قوڕگی ڕەسووڵ دەکەون. هەر دوو دەستبەجێ گیانیان لەدەست دەدەن. لەوە دەچێت قادری ئازەر تەنیا کەسێک بووبێت کە توانیبێتی لە خۆی بەرگری بکات؛ یەک فیشەک لە سەر، دوو لە نێو قەد، یەکێک لە بناگوێ، یەکێک لە قوڕگ، یەکێک لە شان و یەکێک لە قامکی دەستی ڕاستی ئەویش دەدرێت. بکوژەکان بۆ دڵنیابوون لە بەجێ گەیاندنی ئەرکەکەیان، یەکێک یەک فیشەک لە هەر کامە لە پێکراوەکان دەدەن، بە جۆرێک کە ئاسەواری پێست و ئێسکی کوژراوەکان لەسەر (دەنگ بڕ) ی چەکەکان دەمێنێتەوە.

پاش ئاگاداربوونەوە، پۆلیسی ڤیەننا بە دەستبەسەرکردنی دەرجەزی و سەحراڕوودی _ کە لە نەخۆشخانە دەبێت _ لێکۆڵینەوەکانی تاوانەکە دەست پێ دەکات.

ئەوەی لێرەدا زۆر سەیر و نامۆیە، داخستنی دۆسیەکە و ڕادەستکردنی تۆمەتبارەکانە بە باڵیۆزخانەی ئێران.

پاش تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن هاوژینی دکتۆر قاسملوو، دادگا ڕادەگەیەنێت کە تۆمەتبارەکان بەهۆی ئەوەیکە بەڵگەی پێویستیان لەسەر نییە و ناکرێت وەکوو تاوانبار بناسرێن، ئازاد دەبن. لە نۆڤەمبەری ١٩٩٢دا دادگای بەرزی نەمسا ڕەوتی پێ ڕاگەیشتن بە دۆسیەکە بەجێ دەزانێت بەڵام ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە لە کاتی پێ ڕاگەیشتنی دادوەری بە دۆسیەکە؛ ناڕوونی لە بەڵگە و هۆکارەکانی تاواندا هەبووە.

ئێستا پرسیاری سەرەکی لای ئێمە ئەوەیە کە ئاخۆ لە دوای تێپەڕینی ماوەیەکی دوورودرێژ، دەکرێت دۆسیەکە دیسانەوە وەگەڕ بخرێت؟

لە وەڵامدا دەبێت بگوترێت کە تاوانە تیرۆریستییەکان لە ڕیزی مەترسیدارترین تاوانە دژە مرۆیییەکانن و لەو بۆنەوە ڕێسای "تێپەڕینی کات" (statutory limitation) نایانگرێتەوە و دەشێت لە هەر کاتێکدا بە دەستخستنی بەڵگە و دۆکیۆمێنتی نوێ، دۆسیەکە وەگەڕ بخرێتەوە.

بەم پێیە دەبێت ئەوەمان لەبیر بێ کە:

١_ لەبەر ئەوەیکە تاوان لە چوارچێوەی سنووری نیشتمانی نەمسا ڕووی داوە، تەنیا دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە شیاوی پێ ڕاگەیشتن بەو دۆسیەن و بە لەبەرچاوگرتنی پێشێلکاریی بەردەوامی مافە نێودەوڵەتییەکان لە پرسی "مارالبیان"دا، ناکرێت چاوەڕوانی هەنگاوێکی نێودەوڵەتی بۆ دۆسیەکە لەڕووی حوقووقیەوە بین. بەداخەوە دەوڵەتی نەمسا لەو کاتەدا، جگە لە جینۆساید تاوانەکانی پەیوەندیدار بە حوقووقی نێودەوڵەتیی لە چوارچێوەی ناوخۆیی خۆیدا بە تاوان دانەناوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ بە پەیوەست بوونی بە دیوانی کەیفەریی نێودەوڵەتیی، گشتایەتیی تاوانەکانی دەقی پەیڕەوی دیوانی لە چوارچێوەی ناوخۆییدا گونجاندووە.

هەروەها لەسەر بنەمایەکی گشتی، مافە نێودەوڵەتییەکان بە بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی دادوەریی خۆی دەزانێت. لەم پێناوەدا دەبێت پێشێلکاریی کۆنڤانسیۆنی ڤیەننا، پەسەندکراوی۱۹۶۱ بەشێوەی تایبەتی لەبەرچاو بگیردرێ، لەبەر ئەوەی کە تیمی تیرۆر بەگشتی بە پاسپۆرتی دیپلۆماتیکەوە وەکوو فەرمانبەری باڵیۆزخانەی ئێران لە ڤیەننا، چوونەتە نەمسا و لە پارێزبەندیی دیپلۆماتیک (diplomatic pouch) کەڵکیان وەرگرتووە و چەکە بەکار هێنراوە کانیان بردووەتە نێو ئەو وڵاتە. ئەمە بە واتای پێشێلکاریی ئاشکرای کۆنڤانسیۆنی ڤیەننایە کە هەم نەمسا و هەم ئێران پێی پێ بەندن.

٢_ نەمسا لە ڕێککەوتننامەی هاوکاریی ئەمریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدایە. لە ساڵی ٢٠١٦ یاسای دژە تیرۆری نەمسا، ڕێوشوێنی بەرفراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێشبینی کرد. بە خستنەڕووی ئەم یاسایە، دەبێت لە بەڵگەنامە بڵاوکراوەکانی ئەمریکا لەسەر بەدواداچوون بۆ کەیسی تیرۆری دکتۆر قاسملوو کەڵکی پێویست وەربگیرێت.

٣_ تیمی تیرۆر ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی سوپای بەدر بووە کە ئێستا بە سوپای قودس دەناسرێت و ئەم ڕێکخراوەش بەپێی دوایین لیستی پەسەندکراوی ئەمریکا، ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. هەر بۆیە لە میکانیزمەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی خۆیان بە پێ بەندی دەزانن ڕەنگە بکرێت بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی دۆسیەکە کەڵک وەربگیرێت، هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی پرسە سیاسییەکان.

لە کۆتاییدا بەگشتی دەبێت بگوترێت کە بابەتی تیرۆر و هەروەها کەمتەرخەمیی دەوڵەتی نەمسا لە پێدا پرژانی دۆسیەکە هۆکاری بازرگانی، سیاسی و ئەمنیەتیی بووە و لە ئێستادا بە ناساندنی سوپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و هەروەها میکانیزمە کارامەکانی چاودێریی دیوانی دادوەریی ئەورووپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایی، هەرچەند زەحمەتە بەڵام ڕەنگە دەرەتان بدۆزرێتەوە کە داوای پێ ڕاگەیشتن و پێدا پرژانی دادوەری بە دۆسیەکەدا بکرێت.

فەراز فیرووزی ڕاوێژکاری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو