تەرمی پێنج کۆڵبەری کورد دوای ٨ ڕۆژ نەدۆزراوەتەوە

تەرمی پێنج کۆڵبەری کورد دوای ٨ ڕۆژ نەدۆزراوەتەوە

12:45 - 25 January 2021

 

هەنگاو: دوای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە گیان لەدەستدانی پێنج کۆڵبەری خەڵکی ئورمیە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کە بە هۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لە دەستدا، هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە گیان لە دەستدانی پێنج کۆڵبەری خەڵکی گوندی ”کوران“ سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران و تورکیا ڕێگری لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن کە بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکان ڕوو لە شوێنی ڕووداوەکە دەکەن.

هەنگاو پێشتر ناسنامەی ئەو پێنج کۆڵبەرەی کە یەکێکیان تەمەنی ١٨ ساڵە ئەولایی خودایی کوڕی حاتەم، فرات خودایی کوڕی خورشید، مەتین ئەسڵانی کوڕی عوسمان، بیلەن ئەحمەدی کوڕی سادق یاوەر ئەسڵانی کوڕی لوقمان ڕاگەیاندبوو.

یەکێک دانیشتوانی گوندی کوران لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە: ”لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئێران هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئەو بنەماڵانەیان نەکردووە و هێزە چەکدارەکانی تورکیاش هەڕەشەی تەقە کردنیان لەو خەڵکەی کردووە کە بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکان ڕوویان لە شوێنی ڕووداوەکە کردووە.“

ئەو پێنج کۆڵبەرە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٨ی ژانویەی ٢٠٢١) لە گوندی دریشک سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان کەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوە و گیانیان لە دەست دا.