تەقینەوەی مین بووە هۆی پەڕینی لاقی جووتیارێکی مەریوانی

21:14 - 16 April 2019

 

هەنگاو: جووتیارێکی بەساڵاچووی خەڵکی مەریوانی لە کاتی کار بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧١٩/ ١٦ی ئاوریلی ٢٠١٩) بە هۆی تەقینەوەی مینی بەجێی ماوی شەری هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، جووتیارێکی کورد بریندار بوو.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری مەریوان ناسنامەی ئەو جووتیارە تەمەن ٥٠ ساڵانەی ”محەمەد ئیمان وەرد“ خەڵکی ئاسناوای مەریوان ڕاگەیاند.

محەمەد ئیمان وەرد بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینەوە لاقی ڕاستی لەدەست داوە و ئێستا لە ناوەندە دەرمانیەکانی مەریوان لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٧١٨ی کوردیدا (١٣٩٧ی هەتاوی)، لانیکەم ٥٥ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو ٥٥ کەسە ١٥ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٤٠ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە. ٢ کەس لە کوژراوەکان و یەکێک لە بریندارەکان کورد نەبوون.