قوربانی بوونی ٥٥ هاووڵاتی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٢٧١٨ + لیستی ناوەکان

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٤ی ئاوریل (ڕۆژی جیهانیی وریاکردنەوە و هۆشداری لە مەڕ مەترسییەکانی مین) ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر قوربانیانی

١٤ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١٩:٤٣

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٤ی ئاوریل (ڕۆژی جیهانیی وریاکردنەوە و هۆشداری لە مەڕ مەترسییەکانی مین) ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر قوربانیانی مین لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٧١٨ی کوردیدا (١٣٩٧ی هەتاوی)، لانیکەم ٥٥ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو ٥٥ کەسە ١٥ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٤٠ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە. ٢ کەس لە کوژراوەکان و یەکێک لە بریندارەکان کورد نەبوون.

هەروەها ٣ کەس لە قوربانییەکان ژن و ٣ کەسیان منداڵ بوون کە یەکێک لە منداڵەکان گیانی لەدەست داوە.

 

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی پارێزگا

لەماوەی ساڵی ڕابردوو زۆرترین قوربانیانی مین لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمار کراون کە ژمارەیان دەگاتە ٢٤ کەس بووە و ٧ کەسیان گیانی لەدەست داوە.

-سنە:٢٤ قوربانی (٧ کوژراو و ١٧ بریندار) کە دەکاتە ٤٤٪ی کۆی قوربانییەکان.

-ئیلام:١٧ قوربانی (٤ کوژراو و ١٣ بریندار) کە دەکاتە ٣١٪ی کۆی قوربانییەکان.

کرماشان:١٠ قوربانی (٣ کوژراو و ٧ بریندار) کە دەکاتە ١٨٪ی کۆی قوربانییەکان.

ئورمیە:٤ قوربانی (٤ بریندار) کە دەکاتە ٧٪ی کۆی قوربانییەکان.

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی

زۆرترین قوربانیانی مین لە کوردستان لەماوەی ساڵی ٢٧١٨ی کوردی کرێکاران بوون کە لەو ماوەیەدا ٣١ کۆڵبەر، شوان و کرێکار  لەو ماوەیەدا بوونەتە قوربانی.

هەروەها ١٣ هاووڵاتی مەدەنی و ١١ نیزامی کە سەرباز و فەرمانبەری ئیدارەی مین هەڵگرتنەوە بوون لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی.

کرێکار:٣١ حاڵەت ( ٥ کوژراو و ٢٦ بریندار) کە دەکاتە ٥٦٪ کۆی قوربانییەکان.

سەربازی:١١ حاڵەت (٣ کوژراو و ٨ بریندار) کە دەکاتە ٢٠٪ کۆی قوربانییەکان.

هاووڵاتی:١٣ حاڵەت (٧ کوژراو و ٦ بریندار) کە دەکاتە ٢٤٪ کۆی قوربانییەکان.

 

هەر هاووڵاتیەکی کورد دوو مینی بەر ئەکەوێت

ئاماری مینە چێندراوەکانی لە پێنج پارێزگای رۆژئاوایی ئێران (سنە/ ئورمیە/ کرماشان/ ئیلام/ خوزستان) باس لە هەبوونی زیاتر لە ١٦ تا ٢٠ میلیون مین دەکەن کە لە ڕووبەری چوار میلیون و دووسەد هەزار هێکتاردا، چێندراون، زۆترین مینیش لە سنووری چوار پارێزگای کوردستان چێندراوە کە هەر هاووڵاتیەک دوو مینی بەرئەکەوێت.

سەرەڕای ئەو مینانە، سەرچاوەکانی هەنگاو پشتڕاستی دەکەنەوە کە حکومەتی ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە بیانووی ڕووبەرووبونەوە لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران مینی نوێی لە سنورەکانی کوردستان چاندووە و هۆکاری ئەوەیکە ئاماری قوربانیانی مین لە پارێزگای سنە بەرز بووەتەوە ، بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە.

ئێران تا ئێستا کۆنوانسیۆنی (ئۆتاوا) کە کە پەیوەندی هەیە بە قەدەغە کردنی بەکارهێنانی مین، واژۆ نەکردووە.

 

داگرتنی فایلی پی دی ئێفی لیستەی ناوەکان

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە