حوکمی بەندکرانی عرفان ڕەشیدی هەڵوەشایەوە

01:14 - 13 December 2019

 

هەنگاو: عرفان ڕەشیدی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی کرماشان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشانەوە بێ تاوان ناسێندرا و حوکمەکەی هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دانیشتنی داداگی پێداچوونەوەی عرفان ڕەشیدی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان بەڕێوە  چووە و دادگا ناوبراوی بێ تاوان ناساندووە و حوکمی یەک ساڵ بەندکرانەکی هەڵوەشاندووەتەوە.

سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ (کۆتایی ئاگۆست)، دادگای شۆڕشی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، بە تۆمەتی “پڕووپاگەندە دژی نیزام” حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەر عرفان ڕەشیدی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند.

عرفان ڕەشیدی ئەندامی چالاکی گرووپی ژینگەپارێزی “ژیوای پاوە” یە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕێ ٢٧١٨ (٢٤ی ژوئیەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە دەستبەسەر و دوای دوو حەفتە بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.