حوکمی سێدارەی هۆشمەند عەلیپوور هەڵوەشایەوە

حوکمی سێدارەی هۆشمەند عەلیپوور هەڵوەشایەوە

11:49 - 15 September 2020

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کورد هەڵوەشایەوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرلەنوێ دادگایی بکرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، پەیجی کەمپەینی ڕزگار کردنی هۆشمەند عەلیپووڕ، کە لەلایەن بنەمالەی ئەو بەندکراوە سیاسییەوە بەڕێوەدەچێت، بە بڵاو کردنەوەی هەواڵێک لە زاری جەوانمەردی پارێزەری هۆشمەند ڕایانگەیاندووە کە ئەمڕۆ دوای ئەوەی سەردانی لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەیان کردووە، ئاگادار بوونەتەوە کە حوکمی سێدارەی هۆشمەند عەلیپوور هەڵوەشاوەتەوە و یڕیارە حەوتووی دیکە (٣٠ی خەرمانان) سەرلەنوێ و ئەمجارەیان لە لەقی دووهەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە دادگایی بکرێت.

 

هۆشمەند عەلیپوور کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”سەعیدی“ بە تۆمەتی ”بەغی“ لەرێگای ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک) حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

 

محەمەد ئوستاد قادر و هۆشمەند عەلی پوور کە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بوون، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ ( ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هیزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و شەوی ١٦ی گەلاوێژ و تەنیا دوای ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانیان  دانپێدانانی زۆرەملەی ئەم دوو کەسەلە تلویزیۆنی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە.

 

دانیشتنی دادگای ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ بەڕێوەچوو و حوکمی سێدارەی هۆشمەند ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.