خوکوشتنی ٣ ژن و ٤ مێرمنداڵ لە یەک حەفتەدا

01:01 - 29 March 2019

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی یەکەمی بەهاردا  لانیکەم حەفت هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی جوارشەممە (٧ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ / ٢٧ی مارسی ٢٠١٩)، ژنێکی لاوی خەڵکی دێهلوڕان بە ناوی ”مریەم ئەمانی“ بە هۆی کێشە لەگەل هاوژینەکەیەوە لە ڕێگای خواردنی حەبی برنجەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەمان ڕۆژ ژنێکی خێزانداری خەڵکی سنە بە ناوی ” نەشمیل“ بە هۆی کێشەی خێزانی خۆی هەڵواسیوە.

هەروەها، لە ڕیکەوتی ٦ی خاکەلێوە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی ئیلام بە ناوی ”ڕامین ئازادی“ دوای ئەوەی لەگەڵ باوکی دەمەقاڵەی بووە، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە (٥ی خاکەلێوە / ٢٥ی امرس)، سێ مێرمنداڵی تەمەن ١٨ ساڵ لە شارەکانی سنە، مەریوان و سەلاسی باوەجانی بە ناوەکانی ”ڕزگار کەریمی“، ”کاروان بەهمەنی“ و ”زەکەریا خانی“ بە هۆی هەژاری، بێکاری و کێشەی خێزانییەوە خۆیان هەڵواسیوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لە دووهەمین ڕۆژی نەورۆزدا ژنێکی دیکەی خەڵکی قەسری شیرینی کە ناسنامەی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.