خۆكوشتنی چوار هاووڵاتی له‌ شاره‌كانی كامیاران، سنه‌، ئورمیه‌ و سه‌قز

13:49 - 19 July 2019

 

هه‌نگاو: له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی كورد له‌ شاره‌ جیاجیاكانی كوردستان كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هناوه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتی گه‌یشتوو به‌ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ (٢٧ی پووشپه‌ڕی ٢٧١٩ / ١٨ی ژوئیه‌ی ٢٠١٩)، كچێكی لاوی خه‌ڵكی ئورمیه‌ به‌ ناوی شیوا سلێمانی به‌ هۆكارێكی نادیار خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌.

ڕۆژی دووشه‌مه‌ش لاوێكی كامایرانی به‌ ناوی سامان باجاڵانی كه‌ ته‌مه‌نی ٢٨ ساڵ و باوكی دوو مندڵیش بووه‌، به‌ هۆی هه‌ژاری و نه‌دارییه‌وه‌ له‌ شاری ئیسفه‌هان ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه‌ و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌.

ڕۆژی سێشه‌مه‌ش لاوێكی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی كانی كووزه‌ڵه‌ی سنه‌ به‌ ناوی موختاری قه‌وامی زه‌روان به‌ هۆی هه‌ژاری خۆی هه‌ڵواسیوه‌.

هه‌روه‌ها، هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی گه‌ڕه‌كی هه‌ماڵئاوای سه‌قز به‌ ناوی سدیق مورادی به‌ هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌.