خۆکوشتنی منداڵێکی ١٣ ساڵە لە کرماشان

خۆکوشتنی منداڵێکی ١٣ ساڵە لە کرماشان

22:58 - 18 July 2022


هەنگاو: دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی کرماشان بە ناوی مورشد خاسی ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٥ی جولای ٢٠٢٢) لە کاتێکدا لە ماڵەوە تەنیا بووە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مورشد خاسی بە هۆی هەژاری و کێشەی ماڵیی بنەماڵەکەیەوە خۆی هەڵواسیوە.

شەفیع خاسی باوکی مورشد و هەروەها برا چووکەکەی مورشد نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە و ئەو بنەماڵەیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە هیچ جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک نەکراون.

جێگای ئاماژەیە کە بنەماڵەی خاسی لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی تا سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی گەڕەکی حیکمەت ئاوای کرماشان بوون.


ڕۆژی ڕابردووش کچێکی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی ڕۆژین سەفەری بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیبوو و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.