دادوەری گشتیی سنە خوازیاری بە سزا گەیاندنی یازدە هاووڵاتیی خەڵکی سنەیە کە دژی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە هەڵوێستیان گرتووە

دادوەری گشتیی سنە خوازیاری بە سزا گەیاندنی یازدە هاووڵاتیی خەڵکی سنەیە کە دژی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە هەڵوێستیان گرتووە

15:36 - 9 February 2021

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: یازدە هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی گیان بەختکردوانی  فرۆکە ئۆکراینییەکە کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، خرابوویەخوارەوە بەشدارییان کردبوو و خوازیاری دادگاییکردنی بکەرانی ئەو تاوانه بووبوون، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامییەوە دەستبەسەر و بۆ دادگای شۆڕش و دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە بانگ کراون.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژمارەیەک هاووڵاتیی سنەیی کە لە کووبوونەوەیەکی هێمنانە، تەقاندنەوەی فرۆکەی ئۆکراینییەکەیان ئیدانە کردبوو و خوازیاریی سزادانی تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بوون، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی سنەوە دەستبەسەر و دۆسیەکەیان بەڕێ کراوە بۆ لقی ئەمنییەتیی ( لقی ٧) خانەی دادی سنە.

لە ئاکامدا دۆسیەی ئەو کەسانە بە دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەر و دادگاییکردن، بە تۆمەتگەلی سووکایەتی بە رێبەری کۆماری ئیسلامی، تێکدانی ئاسایشی گشتی و کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نێوخۆیی وڵات و بە پەسندکردنی لەلایەن دادوەری گشتیی شاری سنە، بۆ لقی یەکی دادگای شۆرش و هەروەها دادگایتاوانەکانی ٢ی سنە بەڕێ کراوە.

 

هەواڵنیری هەنگاو لە سنە ناسنامەی ئەو یازدە کەسەی بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە:

 

١_ شیوا ئەحمەدی سیاناوی

٢_ زەهرا مورادی تەمەن ٦٦ ساڵ

٣_ پدرام هوشیارییان تەمەن ٣١ ساڵ

٤_ماریا ساعەدپەنا تەمەن ٤١ ساڵ

٥_ عەبدوڵا ئەمینی نبی کەندی

٦_ لەیلا حوسێنی تەمەن ٤٦ ساڵ

٧_ زارا ساعەدپەنا

٨_ یوونس فکری

٩_ محەممەد سینا میرزایی تەمەن ٣١ ساڵ

١٠_ سەید غازی حوسێنی

١١_ سروور شەهابی تەمەن ٥٤ ساڵ

 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو یازدە کەسە پاش ئەوەیکە لە کاتی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئاروین مورەتەب و ئایدا فەرزانە دوو کەس لە سەرنشینانی فرۆکە ئۆکراینییەکە، بە هۆی کامێرای چاودێرییەوە ناسراون و دەستبەسەر کرابوون و پاش دوو حەوتوو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگایی ئازاد کرابوون.

بە پێی ئەو داواکارییەی کە رۆژانی ١٧ و ٢٠ رێبەندانی ئەمساڵ نێردراوە بۆ ئەو یازدە کەسە، دەبێ رۆژی یەکشەممە ٣ی رەشەمەی ٢٧٢٠( ٢١ فێورییەی ٢٠٢١ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە و رۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوە ٢٧٢١( ٦ ی ئاپریلی ٢٠٢١) لە لقی ١٠٢ی دادگای سزادانی ٢ی سنە ئامادە ببن.