دانیشتنی دادگای هۆشمەند عەلیپوور دوای هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەکەی بەڕێوەچوو

دانیشتنی دادگای هۆشمەند عەلیپوور دوای هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەکەی بەڕێوەچوو

22:29 - 20 September 2020

 

هەنگاو: دانیشتنی دادگای هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی کورد کە حەوتووی ڕابردووی حوکمەکەی هەڵوەشایەوە، لە سنە بەڕێوەچوو.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ئیەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، دانیشتنی دادگای هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوەچوو و بڕیارە حوکمەکەی حەوتووی ڕابردوو بە پارێزەرەکەی ڕابگەیەندرێت.
 

حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو کە پێشتر لەلایەن کقی یەکەی دادگای شۆڕشی سنە ئەو حوکمەی ەبسەردا سەپابوو، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە.
 

هۆشمەند عەلیپوور کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”سەعیدی“ بە تۆمەتی ”بەغی“ لەرێگای ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک) حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

 

محەمەد ئوستاد قادر و هۆشمەند عەلی پوور کە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بوون، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ ( ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هیزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و شەوی ١٦ی گەلاوێژ و تەنیا دوای ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانیان  دانپێدانانی زۆرەملەی ئەم دوو کەسەلە تلویزیۆنی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە.

 

دانیشتنی دادگای ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ بەڕێوەچوو و حوکمی سێدارەی هۆشمەند ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.