داڵاهۆ/ کوژرانی دایکێک و کوڕەکەی بە دەستی هێزەکانی سوپای پاسداران

داڵاهۆ/ کوژرانی دایکێک و کوڕەکەی بە دەستی هێزەکانی سوپای پاسداران

03:26 - 13 March 2022

 

هەنگاو: لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ئۆتۆمبێلێک دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکە کە خەڵکی شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان بوون کوژان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٣ی مارسی ٢٠٢٢)، هێزەکانی سوپای پاسداران لە شاری داڵاهۆ و لە شوێنێک بە ناوی «ملەی سەرانە» تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک کردووە و دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ کوژراون.

هەواڵنێری هەنگاو ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییەی کە خەڵکی گوندی «کامران ڕەحمان» سەر بە شارۆچکەی گاوارەی قەزای داڵاهۆ بوون سوورەت سەیادی  و کوڕەکەی پوریا ڕەزایی  تەمەن ٣٠ ساڵ ڕاگەیاندووە کە دایک و کوڕ بوون.

هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ نەخۆشخانەی «شوهەدا» لە شاری سەرپێڵی زەهاو گوازراوەتەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری تەقەکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ئەو ئۆتۆمبێلە نەزانراوە و زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەر دەستدا نییە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ هەتا ئەمڕۆ (نزیکەی ٧٥ ڕۆژ) لانی کم ٥ هاووڵاتیی مەدەنی لە پارێزگای کرماشان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.