دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە ئازاد کران

دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە ئازاد کران

18:51 - 5 April 2020


هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کەوتنە بەر لێبوردنی نەورۆز و لە بەندیخانە ئازاد کران کە یەکێکیان لە پێش دەرگای بەندیخانە و بە بۆنەی حوکمێکی دیکەوە سەر لەنوێ گەڕێندرایەوە بۆ ناو بەندیخانە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠( ٥ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی " رەحیم مەحموودی ئازەر" و " بەشیر پیر ماوانە" هەر دوو خەڵکی ئورومیە، کەوتنە بەر لێبوردنی نەورۆز و لە بەندیخانە ئازاد کران.


رەحیم مەحموودی ئازەر، تەمەن ٢٢ ساڵ، لە رێکەوتی ٢٢ی رەشەمەی ٢٧١٧، لە گەڵ هاووڵاتییەکی بۆکانی بە ناوی " مستەفا قادر زەینەب" کە لە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوون، لە شاری حەلەب خۆیان رادەستی هێزەکانی سەربە بەشار ئەسەد کردبوو و ئەو هێزانەش ئەوانیان رادەستی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کردبوو.


ئەو دوو لاوە، پووشپەڕی ساڵی ٢٧١٨ لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورومیەوە بە سەرۆکایەتیی رەزا نەجیف زادە، هەر کامەیان حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە ٥ ساڵ لەو حوکمە ئەبوا جێبەجێ بکرایە.


رەحیم مەحموودی ئازەر، ماوەی دوو ساڵە بێ ئەوەی مافی مەرەخەسی هەبووبێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیەدا بەند کرابوو. ناوبراو لە پێش دەرگای بەندیخانەی ئورمیە لە سەر حوکمێکی دیکەی کە ٩ مانگە و بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور بەسەریدا سەپابوو، سەرلەنوێ گەڕێندراوەتەوە ناو بەندیخانە و ئێستا لە بەندی بەندکراوانی سیاسی ڕاگیراوە.


بەشیر پیر ماوانە رەشەمەی ساڵی ٢٧١٦، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ئورومیەدا دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ پەکەکە ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو بە هۆی ملکەچ بوون بە بڕیاری دادگا حوکمەکەی بۆ چوار ساڵ کەم کرابۆوە.