دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ سزای ٦ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ سزای ٦ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

18:36 - 6 April 2022

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە هاوینی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی حەیدەر عەلی زادە و شێرزاد مامەندی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارەوە سزای ٤ و ٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

ئەم سزایە بە تۆمەتی "هاوکاری ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبووتالیب جەلیل پوور بە سەر ئەم دوو چالاکە دا سەپاوە.

شێرزاد مامەندی خەڵکی نڕزیوە و حەیدەر عەلی زادە خەڵکی قزناوێ ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرانەوە و پاش یەک مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم دوو کەسە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون و لە کاتی دەستبەسەرکرانیش ماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکێنرابوو.