دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد لە مەریوان و پیرانشار

دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد لە مەریوان و پیرانشار

19:22 - 21 July 2021

 

هەنگاو: لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا لانیکەم دوو هاووڵاتی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی مەریوان و پیرانشار دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٩ی جولای ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەریوان هاووڵاتییەکیان بە ناوی "هیوا داربەرزین" دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزە ئەمنییەکان سەرەڕایی دەستبەسەرکرانی ئەم لاوە، دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵەکەیان و دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٧ی جولای ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لاوێکیان بە ناوی "یاسر مەنگوڕی" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هۆکار یا هۆکارەکانی دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتیانە و ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان ناڕوونە.