دەستبەسەرکرانی سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە مەریوان

دەستبەسەرکرانی سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە مەریوان

11:43 - 1 May 2022

 

هەنگاو: یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

لە درێژەی دەستبەسەرکردن و بانگ کردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لانی کەم سێ ئەندامی لقی مەریوانی ئەم ئەنجوومەنە بە ناوەکانی شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم سێ ئەندامەی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە ڕێگای سنە بۆ مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی ڕابردووش سەلاح سورخی ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی کوردستان، لقی سەقز و زێویە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە لانی کەم پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە ناوەکانی مەجید کەریمی، فاتمە زەند کەریمی، موختار ئەسەدی، ڕەزا مورادی و ڕزگار حەیدەری ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ئەم کەسانە لە بەرەبەری حەفتەی مامۆستا لە ئێراندا و دوای بانگەوازی شوورای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی سەرانسەری دەستبەسەر کراون.