دەستبەسەرکرانی چوار چالاکی مەدەنی خەڵکی بۆکان

20:03 - 19 October 2019

 

هەنگاو: چوار کەس لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بۆکان بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتیەکانی دژ بە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧١٩(١٤ی ئۆکتبری ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لانیکەم چوار چالاکی مەدەنی ئەو شارەیان بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتی دەربرین لەسەر هێرشی تورکیە بۆ رۆژاوای کوردستان، دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری هەنگاو، ناسنامەی ئەو چوار کەسەی “سمکۆ مەعرووفی”، “شاهۆی خزری”، “هاموون فەیزی” و هاوژینەکەی بە ناوی “ژاکا ئیسماعیلپور”، ڕاگەیاند.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کرانی ئەو چوار کەسە ماڵەکانیشان پشکنیوە.

ئەو چوار کەسە دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراونەتەوە  و ئێستا لەوێ ڕاگیراون.