دەستبەسەر کرانی پێنج هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار

دەستبەسەر کرانی پێنج هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار

17:57 - 3 April 2022

 

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سەقز، مەهاباد و پیرانشار کە سێ کەسیان ژیر ١٨ ساڵ بوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٣ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لانی کەم پێنج کەسیان بە ناوەکانی پەریسا سپاهی ١٧ ساڵە و کەویار ئەلیاسی ١٨ ساڵە خەڵکی مەهاباد، عیرفان زولفی نیا ١٨ ساڵە خەڵکی سەقز و یووسف حەشرەتی ٢٢ ساڵە و مەنسوور کانی ڕەشی ٣٢ ساڵە خەڵکی پیرانشاریان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم پێنج هاووڵاتییە لە ناو ماڵێک کە لە گوندی "کارخانە قەند" هەڵکەوتووە دەستبەسەر کراون و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی گوازراونەتەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم پێنج کەسە و هەروەها چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.