زارا محەمەدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و مامۆستایانی زمانی کوردی کە حەوتووی ڕابردوو سزای بەندکرانەکەی پشتڕاست کرابوویەوە، دوای بانگ کران بۆ ژ

١٨ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٤:٤٨

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و مامۆستایانی زمانی کوردی کە حەوتووی ڕابردوو سزای بەندکرانەکەی پشتڕاست کرابوویەوە، دوای بانگ کران بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی دەزگای دادی سنە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی دوای نیمەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٨ی ژانویەی ٢٠٢٢)، زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین  دوای بانگ کران بۆ ژووری جێبەجێ کرانی سزاکانی دەزگای دادی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ سال بەندکران کە بە سەریدا سەپابوو دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە ناسراو بە ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی سنە کراوە.

زارا محەمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ٢٧١٩ دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین دەستبەسەر و دوای ٧ مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی دۆسیەکەی ئازاد کرا.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و دەستەدژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەمەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بێ بەری کردبوو..

ئەم سزایە ڕەزبەری هەمان ساڵ (ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “مستەفا تەیاری” بۆ ٥ سال بەندکران کەم کرایەوە.

جێگای باسە کە دادگای باڵای ئێران داواکاری پارێزەرەکانی زارا محەمەدی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی پەسەند نەکردبوو و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوسینی بەرپرسی گشتیی دەزگای دادی پارێزگای سنە ڕیگری کردبوو لە جێبەجێکرانی ماددەی ٤٧٧ لە دۆسیەی ناوبراودا.

زارا محەمەدی  ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئەوەی کە جێبەجێ کرانی سزای زارا محەمەدی بە توندی شەرمەزار دەکات، ڕادەگەینێت کە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی زارا نە تەنیا یەکسان نەبووە بە ئیستانداردە نێودەوڵەتییەکانی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە نەبووە بەڵکوو تەنانەت دژ بە ئەو مافانەی بووە کە تۆمەتباریک لە یاساکانی ئێراندا هەیەتی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە