سامان میرەکی ژینگەپارێزی کورد سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

سامان میرەکی ژینگەپارێزی کورد سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

23:37 - 28 May 2022


هەنگاو: شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

سامان میرەکی تەمەن ٣٦ ساڵ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی دێولان کە نەورۆزی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی میرەکی لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: "ئەو سزایە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی بە سەر ناوبراودا سەپاوە و سزاکە بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپسێردراوە."
ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوایین دانیشتنی دادگای سامان میرەکی، ئارمان سەلیمی، ئیحسان بەهرامی، ئومێد ئەسەدی و ئومێد شێخی بەڕێوە چووە و چوار کەسی دیکە لەو تۆمەتانەی کە خرابوویە پاڵیان بێبەری بوون.

سامان میرەکی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوە دوای بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی پارکی منداڵی شاری سنە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارە بانگ کرا و دەستبەسەر کرا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە دوای ١٥ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە سامان میرەکی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوو مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و لەگەڵ ئارمان سەلیمی و ئومێد شێخی دراونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و سووکایەتی پێکردن و قژیان تاشرابوو.