سزای سێدارەی سەربازێکی کورد لە بەندیخانەی کرماشان جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی سەربازێکی کورد لە بەندیخانەی کرماشان جێبەجێ کرا

16:08 - 12 June 2022

 

هەنگاو: یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی سەربازێکی خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان بە ناوی مەهدی کیانی کە چەند ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی یەکێک لە کادیرەکانی شوێنی خزمەتی زۆرەملییەکەی دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەهدی کیانی چەند ساڵ پێش لە پادگانی ئەبووزەڕ لە شاری سەرپێڵی زەهاو دوای تێهەڵچوون لەگەڵ یەکێک لە فەماندەکانی پادگانەکەی بە ناوەی ئومێد قاسمی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە چەک کوشتوویەتی و دواتر دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

هەنگاو زانیویەتی مەهدی کیانی ڕۆژی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندی کرماشان گوازراوەتەوە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە، هەواڵی سێدارەی مەهدی کیانی لە هیچ میدیایەکی حکومەتی بڵاو نەبووەتەوە.