عەلی ساکنی پارێزەری کورد دیسان دەستبەسەر کرایەوە

عەلی ساکنی پارێزەری کورد دیسان دەستبەسەر کرایەوە

12:48 - 9 August 2020

 

هەنگاو: عەلی ساکنی پارێزەری خەڵکی سەقز کە مانگی پێشوو بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ دەستبەسەر کرابوو، تۆمەتی ”سیخوڕی“ خراوەتەپاڵ و سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆبی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٩ی ئاگوستی ٢٠٢٠)، عەلی ساکنی، یەکێک لە پارێزەرە پلە یەکەکانی شاری سەقز بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، عەلیزادە پشکێنەری دادەسرای سەقز گۆڕدراوە و کەسێکی توندئاژۆی حکوومەتی بە ناوی ”ئەبووزەڕ خووشیدە“ وەکوو پشکێنەری لقی ٣ی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز دەستبەکار بووە و عەلی ساکنی بە فەرمانی ناوبراو دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لەدێژەدا وتی کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا عەلی ساکنی بە تۆمەتی ”سیخوڕی“ دادگایی کراوە و بارمتەکەی بۆ دەستبەسەکرانی کاتی گۆڕاوە.

عەلی ساکنی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ ع٢٨ی ژوئەن) لەماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای ٨ ڕۆژ ڕۆژی دووشممە ١٦ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی دوو میلیار تمەنی بە شێوەی ئازاد کرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە عەلی ساکنی بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژی نیزام و نەپاراستنی نهێنی دۆسیەی بەندکراوێکی سیاسی دەستبەسەر کراوە. ناوبراو پارێزەری هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارەیە و بە تۆمەتی درکاندنی زانیارییەکانی دۆسیەی ناوبراوە دەستبەسەر کراوە.