عەلی ساکنی بە بارمتەی دوو میلیارد تمەنی ئازاد کرا

هەنگاو: عەلی ساکنی پارێزەری دەستبەسەر کراوی خەڵکی سەقز دوای شەش ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەیەکی زۆر ئازاد کرا.

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٩:٥٩


هەنگاو: عەلی ساکنی پارێزەری دەستبەسەر کراوی خەڵکی سەقز دوای شەش ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەیەکی زۆر ئازاد کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی پاش نیمەڕۆی ڕۆژئی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٦ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، عەلی ساکنی، پارێزەری دەستبەسەر کراوی خەڵکی سەقز، پاش شەش ڕۆژ بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و بە شێوەیکی کاتی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ساکنی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، بنەماڵەی ساکنی پارێزەرێکیان بۆ دۆسیەی ناوبراو گرتووە، بەڵام هەتا ئێستا دۆسیەکەی ڕادەستی پارێزەرەکی نەکراوە هەتا بیخوێنێتەوە.


عەلی ساکنی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوئەن) لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای شارامفەڕ لە سنە گوازرابوویەوە. ئەو پارێزەرە کوردە ڕۆژی یەکشەممە گەڕێندرابوویەوە بۆ سەقز و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرابوو.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە عەلی ساکنی بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژی نیزام و نەپاراستنی نهێنی دۆسیەی بەندکراوێکی سیاسی دەستبەسەر کراوە. ناوبراو پارێزەری هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارەیە و بە تۆمەتی درکاندنی زانیارییەکانی دۆسیەی ناوبراوە دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە