عەلی محەمەدی مقەدەم دوای ١٤ ڕۆژ هێشتا مانگرتنەکەی نەشکاندووە

عەلی محەمەدی مقەدەم دوای ١٤ ڕۆژ هێشتا مانگرتنەکەی نەشکاندووە

20:22 - 17 November 2020

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە دوو حەوتوو پێش لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتبوو و گوازرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، هێشتا مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی دوو حەوتوو لە مانگرتن لەخواردنی عەلی محەمەدی موقەدەم، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کرماشان و گوازرانەوەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئورمیە، ناوبراو هێشتا مانگرتنەکەی نەشکاندووە.

عەلی محەمەدی موقەدەم کە ماوەی ١٨ ساڵەی حوکمی بەندکرانەکەی لە بەنەیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکات، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، هەتا ئەو کاتەی دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە یان مرەخەسی دەرمانی پێ دەدرێت، مانگرتنی بێ سنووری خۆی ڕاگەیاندووە و چوار ڕۆژ دواتر بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازراوەتەوە.
عەلی محەمەدی موقەدەم بەهۆی ڕاگیرانی لە دۆخێکی نالەبار بۆ ماوەی ١٥ مانگ لە ژووری تاکەکەسی تووشی نەخۆشی ئیسکیزفۆنی بووە و کۆمیسیۆنی پسپۆڕی پزیشکی دادوەریی ئورمیەش پشتڕاستی کردووەتەوە و مانگی ڕابردوو لقی دووی دادسەرای سەربازی تاران نامەیەکی بۆ بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە ناردووە و داوای کردووە کە ناوبراو بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕازی، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە هەتا ئێستا لە گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆیان بواردووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کەبڕوانامەی ماستەری زانستە سیاسییەکانی هەیە و پێرسێنلی ئەرتەش لە تاران بووە، مانگی بەفرانباری ٢٧٠٩ (ژانویە ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران دەستبەسەر و دوای ١٥ مانگ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەکانی ئەرتەش و ئیتلاعات بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە.

عەلی محەمەدی موقەدەم مانگی ڕەزبەری ٢٧١٠ ( ئۆکتۆبری ٢٠١٠) لەلایەن لقی دووهەمی دادسەرای سەربازی تاران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی ئەمریکا و بریتانیا حوکمی ١٨ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە بە سەردا سەپا و ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی بەرزی وڵات وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە و کۆتایی هەمان ساڵ (سەرەتای سالی ٢٠١١) بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر چەندین جار مافی مرەخەسی پێدراوە، بەڵام لە ساڵی ڕابردووە مافی مرەخەسی لێ زەوت کراوە و دەرمانەکانی پێنەگەیشتووە.