فەردین ڕەحیمی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

فەردین ڕەحیمی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

11:08 - 31 August 2022


هەنگاو: سێشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢

چالاکێکی مەدەنی، ژینگەپارێز و ئەندامی کەمپەینی خێرخوازی ژیانەوەی کوردستان لە سنە بە ناوی فەردین ڕەحیمی ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شۆڕشی سنە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج مانگ بەندکرانی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ حەوت کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی خێرخوازانەی ژیانەوەی کوردستان بە ناوەکانی عەلی ئەڵڵاوەیسی، فەردین ڕەحیمی، عەتا ڕەزاڕوبابی، قانێع خاتری، مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی و مەهدی سەیفی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی بە تۆمەتی» هاوکاری حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران «و» پێکهێنانی گرووپی نایاسایی «سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ئەو سزایە، عەتا ڕەزاڕوبابی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێرردراو و ٦ کەسی دیکەیان هەر کامەیان سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

ئەم سزایە دواتر بۆ فەردین ڕەحیمی لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو گۆڕدرا و نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا لەڕێگەی ئاگادارکردنەوەیەکەوە ئاگادار کرایەوە کە سزای پێنج مانگ بەندکرانی دیکە بە سزاکەی زیاد کراوە.

ئەم حەوت چالاکە مەدەنییە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.