لاوێکی مەریوانی لەلایەن ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کرا

18:16 - 16 January 2020

 

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کراوە و باوکیشی کە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی سەردانی ئەو ناوەندەی کردووە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٥ی ژانویەی ٢٠٢٠) هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەریوان لاوێکی خەڵکی شارەدێی ”نێ“یان بە ناوی ”ئامانج نیک“ پەی دەستبەسەر کردووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، خالید نیک پەی، باوکی ئامانج کە بە مەبەستی ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکەی سەردانی ئەو ناوەندەی کردووە، دەستبەسەر و پاش ٨ کاتژمێر ئازاد کراوە.

ئامانج نیک پەی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان و هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کران، ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئامانج و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نادیارە.