۱۹ مامۆستای دەستبەسەرکراوی سەقزی بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرانەوە

۱۹ مامۆستای دەستبەسەرکراوی سەقزی بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرانەوە

21:14 - 17 June 2022


هەنگاو: هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو زانیویەتی کە ١٩ مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی سەقز کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونەتەوە و لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دادیاری لقی ٧ی دادگای سەقز ڕێگری کردووە لە ئازادی کاتیی ئەو ١٩ مامۆستایە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لانی کەم ٢٠ مامۆستای قوتابخانە کە ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سەقز و زێویە بوون لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کراون.

ئاوات ڕەزەوی تەنیا ژنێک بووە کە ڕۆژی چوارشەممە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە و شەوی پێنجشەممە دوای ٢٤ کاتژمێر بەندکران و دوای ئەوەی بە نووسراوە بەڵێننامەی پێ پڕ کراوەتەوە ئازاد کراوە و ١٩ کەسی دیکە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز کراون.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە هەنگاوی وت: "ڕۆژی پێنجشەممە دادیاری لقی ٧ی دادگای سەقز بە هۆی ئەو گوشارانەی کە لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە لە سەری بووە ڕێگری کردووە لە ئازادی کاتیی ئەو مامۆستایانە بە دانانی بارمتە".

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، ١٣ مامۆستا ڕۆژی چوارشەممە دەستبەسەر کراون و هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان و وێڕای دەستبەسەر کردنیان ماڵەکەنایشیانیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایلی ئەو مامۆستایانە و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا گرتووە. هەروەها چەند کەسێکیان نیوەی شەو دەستبەسەر کراون و تەنانەت هێزە ئەمنییەکان ئیزنیان نەداوە کە جلەکانیان بگۆڕن.

لیستی ئەو ١٩ مامۆستایەی کە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گوازراونەتەوە؛

١_ خالید عەبدوڵڵایی ٢_ محەممەد فەتاحی ٣_ سلێمان عەبدی ٤_ عەزیز مەرزی ٥_ لوقمان ئەڵڵا مورادی ٦_ ئەحمەد قادری ٧_ کەیوان محەممەدی ٨_ خالید شێخی ٩_ ئەنوەر فەرەج زاد ١٠_ سەید سەلاح حوسێنی ١١_ تاهیر حامیدی ١٢_ زاهید مورادی ١٣_ د. حیسام خاکپوور ١٤_ حەسەن ڕەحیمیان ١٥_ تاهیر قادرزادە ١٦_ ئیسماعیل ڕێحانی ١٧_ ئامانج ئەمینی ١٨_ حوسێن محەممەدی ١٩_ قادر یەسرابی