مانگرتنی کرێکارانی شارەوانیی مەریوان ئەمڕۆش درێژەی هەبوو + فیلم

14:53 - 26 January 2019

 

هەنگاو:کرێکارانی شارەوانیی مەریوان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربرین بە نیسبەت نەدانی مووچە و دواکەوتنی مووچەکەیان، بۆ پێنجەمین ڕۆژ لە پێش بینای شارەوانیی ئەو شارە مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کرێکارانی شارەوانیی مەریوان، ئەمڕۆ شەممە (٦ی ڕێبەندانی ٢٧١٨/ ٢٦ ژانویە ٢٠١٩) بۆ پێنجەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک لە پێش بینای شارەوانی مانیان گرت و سفرەی بەتاڵیان ڕاخست.

پێشتر یەکێک لە کرێکارانی مانگرتووی شارەوانی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیداند کە”کرێکاران شارەوانیی مەریوان بۆ ماوەی ١٨ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمساڵ تەنیا بڕی چوار میلیۆن تمەن پارەیان وەرگرتووە کە بە هیچ شێوەیەک بەشی خەرجی ژیانیان ناکات”.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی شارەداری مەریوان لە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لە پێش شارەوانیی مەریوانی دەستی پێ کرد و کرێکاران ڕایانگەیاندووە تاجێبەجێ کردنی داواکاریەکانیان لە مانگرتنە بەردەوام دەبن.