محەممەد مەحموودزادە خەڵکی بانە بە بارمتە ئازاد کرا

محەممەد مەحموودزادە خەڵکی بانە بە بارمتە ئازاد کرا

11:38 - 4 September 2022


هەنگاو: یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢

محەممەد مەحموودزادە هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە ڕۆژی شەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوای نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد مەحموودزادە تەمەن ٢٦ ساڵ لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە محەممەد مەحموودزادە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراوە.

محەممەد مەحموودزادە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١١ی جولای ٢٠٢٢) هاوڕێ لەگەڵ ٧ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانە بە ناوەکانی هادی مەحموودی، ڕەحمان ساڵح پوور، محەممەد قەوسی، زانا مێهری، جەعفەر زەریفی، ئارام ساڵح پوور و مەهدی نەورۆزی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر کران کە پێنج کەسەیان دواتر بە بارمتە ئازاد کران.

لە ئێستادا تەنیا مەهدی نەورۆزی و ئارام ساڵح پوور لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و ٦ کەسەکەی دیکە ئازادن.