موژگان کاووسی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لە باکووری ئێران، دوای مانگێک

٢٨ سەرماوەز ٢٧١٩، ٢٣:٤٥

 

هەنگاو: موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری  کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لە باکووری ئێران، دوای مانگێک دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (١٩ دێسامبری ٢٠١٩)، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری کەلاردەشت دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ساری ناوەندی پارێزگای مازەندەران و بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەوشەهر بە بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز (١٠ی دێسامبر) دوای یەک حەفتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری بۆ بەندیخانەی شاری نەوشەهر گوازرابوویەوە.

ئەو نووسەرە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە کورتە  فیلمێکی بەڵگەیی بە ناوی “هیوا” بەرهەم هێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لە سەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لە نێو کوردەکانی کەلاردەشت  لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکا.

موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور،بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێراوەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە