ناوەندی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی پارێزەگای ئورمیە: هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە سێدارە دراوە

ناوەندی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی پارێزەگای ئورمیە: هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە سێدارە دراوە

08:49 - 10 June 2020


هەنگاو: بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی بەندیخانەی ئورمیە دوای تێپەڕینی یەک مانگ لە گواستنەوەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی کورد بۆ شوێنێکی نادیار، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لە سێدارە دراوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٠) بنەماڵە هیدایەت عەبدوڵاپوور سەردانی بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی پارێزگای ئورمیەی کردووە و لەوێ پێیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەتان ٢٠ ڕۆژ لەوە پێش بە ئامادەبوونی بنەماڵەی کوژراوەکانی تێکهەڵچوونەکەی گوندی قەرەسەقەل لە سێدارە دراوە.


ڕاگەیەناندنی هەواڵی لەسێدارە دانی هیدایەت عەبدووڵڵاپوور بە بنەماڵەکەی لە کاتێکدایە کە تەنانەت پارێزەرەکەشی ئاگادار نەبووە. بە وتەی بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ئورمیە، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە شاری شنۆ جێبەجێ کراوە.


پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە سەردانی دادگای شۆڕشی ئورمیەیان کردووە، داواکاری گشتی ئورمیە لەوێ نەبووە و جێگرەکەی بە شێوەیەکی ناشایست و بێڕێزانە بە هاوژینی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە: “مادام کە ئیدارەی ئیتلاعات وەڵامتان ناداتەوە، کەواتە بڕۆن لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن.”

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.


ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.