هاووڵاتییەکی پیرانشاری لە ژێر ئەشکەنجەی ئیتلاعاتی سپا تووشی جەڵتەی مێشک بوو

هاووڵاتییەکی پیرانشاری لە ژێر ئەشکەنجەی ئیتلاعاتی سپا تووشی جەڵتەی مێشک بوو

12:16 - 2 August 2020


هەنگاو: هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا تووشی جەڵتەی مێشک بووە و دۆخی تەندرووستیی ناجێگیر ڕاگەیەنداوە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٠( ١ی ئاگوستی ٢٠٢٠) هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پیرانشار هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراویان گەیاندە نەخۆشخانەی " ئیمام خومەینی"ی پیرانشار کە لە ژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانەدا تووشی جەڵتەی مێشک ببوو.


هەواڵنێری هەنگاو لە پیرانشار رایگەیاند کە ئەو هاووڵاتییە ناوی " جەعفەر حەسەنزادە" تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی پیرانشارە کە ڕۆژی شەممە دەستبەسەر کراوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەکە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەنگاوی راگەیاند کە دۆخی تەندرووستیی جەعفەر حەسەنزادە ناجێگیرە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێ کراوە بۆ نەخۆشخانەی عارفییانی ئورومیە.


هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وردەکاریی زیاتر لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی جەعفەر حەسەنزادە بۆ هەنگاو روون نەبۆتەوە.