هاووڵاتییەکی کورد لە کەرەج لەسێدارە درا

هاووڵاتییەکی کورد لە کەرەج لەسێدارە درا

21:22 - 14 October 2021

 

هەنگاو: سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد کە ٦ ساڵ پێش ئەو سزایەی بە سەردا سەپابوو، لە کەرەج جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی مەنووچێهر کازمی تەمەن ٣٣ ساڵ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەنووچێهر کازمی ٦ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “مەجید نەدری” دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەنگاو زانیویەتی کە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ مەنووچێهر کازمی بەرێوە نەچووە و تەرمەکەی تەنیا بە بەشداری ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.

مەنووچێهر کازمی تەمەن ٣٣ ساڵ، خێزاندار و باوکی کچێک بووە. ناوبراو خەڵکی گوندی وەرمەڵە و دانیشتووی هەرسین بووە.

لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە هەتا ئێستا لە لایەن میدیا نێوخۆییەکان و یان دام و دەزگا فەرمییەکانی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.