هاووڵاتییەک لە پارێزگای لوڕستان لە سێدارە درا

هاووڵاتییەک لە پارێزگای لوڕستان لە سێدارە درا

11:34 - 1 March 2022

 

هەنگاو: سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٢)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی عەلی حەیدەر دێهقانی تەمەن ٣٨ ساڵ کە بە هۆی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.

عەلی حەیدەر دێهقانی چەند ساڵ پێش کەسێکی کوشتبوو و هەڵهاتبوو، ساڵی ڕابردوو بە بەڵێنی ڕازی کردنی بنەماڵەی کوژرا و لێبوردن بە مەرجی دانی پارە خۆی بە هێزە ئەمنییەکان ناساندووە و لە کاتەوە لە بەندیخانەدا بووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ٧ هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای لوڕستان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.