هێزەکانی سپای پاسداران گوندی ڕەزاویان گەماڕۆ و ئاگریان لە کۆساڵان بەردا

22:54 - 17 June 2019

 

هەنگاو: هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی هێزێکی کوردستانی لە یەکێک لە گوندەکانی  سەوڵاوا، ئەو گوندەیان گەمارۆ و کوێستانەکانی کۆساڵانیان ئاگر تێبەرداوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەعات ١٠ تا ١١ شەوی یەکشەممە (٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٩/ ١٦ی ژوئەنی ٢٠١٩) هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی گریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ڕەزاو و گوندەکەیان گەمارۆ داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، ئەو هێزانە ماوەی یەک کاتژمێر ئاوایی ڕەزاویان گەمارۆ داوە و بە بێ ئامانج و کوێرکوێرانە تەقەیان لە  داوێنەکانی کۆساڵان  و دەورووبەری گوند کردووە کە ئاگر گرتنی داوێنی کۆساڵانی لێکەوتووتەوە.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، خەڵک دوایی چەند کاتژمێر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە.