هەنگاو بەپرۆشبوونی خۆی بە نیسبەت ناڕوونی چارەنووسی چوار ئەندامی دەستبەسەرکراوی کۆمەڵە دەردەبڕێت

هەنگاو بەپرۆشبوونی خۆی بە نیسبەت ناڕوونی چارەنووسی چوار ئەندامی دەستبەسەرکراوی کۆمەڵە دەردەبڕێت

16:21 - 5 August 2022


هەنگاو: هەینی ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

هەروەک پێشتر هەنگاو لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە نیسبەت دەستبەسەرکرانی چوار ئەندامی حیزبی کۆمەڵە زانیاری بڵاو کردبووە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کۆتایی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ٤ ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی پژمان فاتحی خەڵکی کامێران، وەفا ئازەربار خەڵکی بۆکان، موحسین مەزڵووم (مەعرووفی) خەڵکی مەهاباد و هەژیر (محەممەد) فەرامەرزی خەڵکی دێولانی لە ناوچەی سۆمای ئورمیە دەستبەسەر کردووە.

دوابەدوای دەستبەسەرکرانی ئەم کەسانە و بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی حیزبی کۆمەڵە» ئەوان هیچ جۆرە چەک و چۆڵێکیان پێ نەبووە و تەنیا بە مەبەستی چالاکیی سیاسی لەو ناوچەیە بوون «، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بەپێی هەوڵێکی هەمیشەیی و هاوئاهەنگ لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ئێران دوور لە هەموو یاسا حقوقی و یاساییەکان و تەنانەت یاسا ناوخۆییەکانی خۆیان دەستی کرد بۆ دۆسیە سازی بۆ ئەم کەسانە و ئەوانیان پاڵ داوەتە ڕێکخراوە ئەمنی و سیخوڕییەکانی ئیسرائیلەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرنجدان بە هەڵسوکەوتی ناوەندە ئەمنییەکان لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی کورد بەتایبەت پێشمەرگەی حیزبە کوردستان نیگەرانی خۆی بە نیسبەت چارەنووسی ئەو ٤ پێشمەرگەیە دەردەبڕێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت چارەنووسی ئەوانەوە بە بەرپرسیار دەزانێت.

هەر لەو چوارچێوەدا و بە پشتبەستن بە ماددەی ٢ی کۆنڤانسیۆنی پشتگیری لە هەموو کەسەکان لەبەرامبەر ڕفاندنی زۆرملێ، حکومەتی ئێران بە نیسبەت ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێی ئەم ٤ کەسە بە بەرپرسیار دەزانێت و خوازیاری ڕەچاوکردنی مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتبارێک وەکوو؛ مافی گەیاندنی زانیاری بە بنەماڵە، مافی هەبوونی پارێزەر و خزمەتگوزاری تەندروستی لە دۆسیەی ئەم کەسانەدایە.

هەرچەند کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کۆنڤانسیۆنەی واژۆ نەکردووە، بنەما گشتییەکانی ئەو کۆنڤانسیۆنە لە مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤدا بوارێکی عورفی بە خۆیەوە گرتووە و زۆرینەی کۆمەڵگەی جیهانی کۆکن لەسەر. هەر بۆیەش ئێران هەرچەندە واژۆی نەکردووە ناتوانێت لە ئەنجامی وەها تاوانێکی نێودەوڵەتی بەری بکات.