ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر دەستبەسەرکرانی ٤ پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ئورمیە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان

٨ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٠:٢٧


هەنگاو: شەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی موحسین مەعرووفی خەڵکی مەهاباد، پژمان فاتیحی خەڵکی کامێران، هەژیر فەرامەرزی خەڵکی دێولان و وەفا ئازەربار خەڵکی بۆکان لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە دیل گیراون.

حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شەوی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٤ی جولای ٢٠٢٢) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە چەندین ئەندامی ئەو حیزبە لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە ''ئەم گرووپە پێشمەرگەیە لە ئەنجامی چالاکییەکی سیاسی و ڕێکخستنی لە ناوچەی سۆمای ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون''.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیەک بە شوێن و هەروەها ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی کە دەستبەسەر کراون نەدراوە، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاند کە گرووپێکی ١٠ کەسییان لەو ناوچەیە دەستبەسەر کردووە.

هەنگاو بۆ ئەو هەواڵە بەدواداچوونی کردووە و تەنیا دەستبەسەرکرانی ٤ پێشمەرگە پشتڕاست دەکاتەوە و بانگەشەی دەستبەسەرکرانی ١٠ کەس لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە درۆ دەخاتەوە و دوورە لە ڕاستی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرنجدان بە هەڵسوکەوتی ناوەندە ئەمنییەکان لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی کورد بەتایبەت پێشمەرگەی حیزبە کوردستان نیگەرانی خۆی بە نیسبەت ئەگەری ئەشکەنجە و خستنە ژێر گوشاری دەروونی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەو کەسانە دەردەبڕێت و داوا دەکات کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەم دۆسیەیە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە