هەژار دڵسۆز خەڵکی پیرانشار بە بارمتەی ٣ ملیاری ئازاد کرا

هەژار دڵسۆز خەڵکی پیرانشار بە بارمتەی ٣ ملیاری ئازاد کرا

19:34 - 30 August 2022


هەنگاو: سێشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢

هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بە ناوی عەبدوڕەحیم دڵسۆز ناسراو بە هەژار تەمەن ٢٨ ساڵ دوای ٥٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەژار دڵسۆز لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراوە.

هەژار دڵسۆز خەڵکی گوندی زێوکە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (٥ی جولای ٢٠٢٢) هاوڕێ لەگەڵ مامی بە ناوی عوسمان دڵسۆز ٦٤ ساڵە و ئاکام خزرزادە تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی کانی بوداغ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرایەوە.